دووشەمە پارێزگاری هەولێر هەڵدەبژێردرێت و جگە لە خۆشناو کاندیدی دیکەش هەیە

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ڕایگەیاند دووشەمەی داهاتوو ئەنجومەنی پارێزگا کۆدەبێتەوە و تێدا پارێزگاری نوێی هەولێر هەڵدەبژێردرێت، ئاشکراشیکرد کە جگە لە ئومێد خۆشناو تائێستا سیڤی کەسێکی دیکەشیان پێگەیشتووە کە بەنیازە خۆی بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێرێت.

عەلی ڕەشید، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، بە میدیاکانی پارتی ڕاگەیاندووە، بۆ دەنگدان لەسەر پارێزگاری نوێی هەولێر، ڕۆژی دووشەم پێشنیار كراوە و دوێنێ‌ سیڤیی ئومێد خۆشناو گەیشتووەتە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و ئەمڕۆش پارێزەرێك سیڤی خۆی پێشكەشی ئەنجومەن كردووە.

ئاشکراشیکردووە، ڕۆژی شەممەی داهاتوو وەرگرتنی سیڤی كۆتایی پێدێت و دوای تەواوبوونی وادەی وەرگرتنی سیڤییەكانیش، هەمەئاهەنگی لەگەڵ سەرجەم فراكسیۆنەكان دەكەن تا سەرجەمیان دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی بدەن و ڕۆژی دووشەمەش بۆ ئەوە دیاریکراوە.

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە پارێزگاری نوێ بە دەنگی 16 ئەندامی ئەنجومەن كە دەكاتە 50+1  هەڵدەبژێردرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button