لاهور شێخ جەنگی:
هاوڕا بووین لەسەر مامەڵەکردنێکی حەکیمانە لەسەر ئەو پیلانگێڕییەی ڕوبەڕووی یەکێتی بووەتەوە

لڤین:
هاوسەرۆکی یەکێتی رایگەیاند لەگەڵ حەیدەر عەبادی هاوڕا بووین لەسەر مامەڵەکردنێکی حەکیمانە لەسەر ئەو پیلانگێڕییە ناوخۆیی و دەرەکیانەی کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی بووەتەوە.
لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی رایگەیاند: ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی پێشوازیمان کرد لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر.
بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە دەربارەی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی عێراق و هەرێمی کوردستان و پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو گفتوگۆیان کردووە.
هاوسەرۆکی یەکێتی راشیگەیاند “هاوڕا بووین لەسەر مامەڵەکردنێکی حەکیمانە لەسەر ئەو پیلانگێڕییە ناوخۆیی و دەرەکیانەی کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی بووەتەوە، سوپاسی پشتیوانی و هەڵوێستە واقیعییەکانی بەڕێز عەبادی دەکەین بۆ ئەو پێشهاتە نوێیانە، دڵنیامان کردەوە کە پاراستنی یەکێتیی لای ئێمە لە ڕیزی پێشەوەیە”.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا باس لە “پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵی سەرجەم لایەنە کوردستانی و عێراقییەکان و گرتنەبەری دیالۆگی جدی بە ئامانجی گەیشتن بە دیدی هاوبەش بۆ چارەسەری ڕاستەقینەی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و هێنانەدی یەکڕیزیی نیشتمانی لەسەر کۆی مەسەلە هەستیار و چارەنووسسازەکان کە وڵات لە هەموو کێشە و دووبەرەکی و پەرتبوونێک دەپارێزێت”.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە لە کۆبونەوەکەدا “ئاماژەمان بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرد، وەک هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵوێستی حزبەکەم دووپات کردەوە بۆ بە بەردەوامی گفتوگۆکان و پەنابردنە بەر دەستوور و پابەندبونی هەردوولا بە ڕێککەوتنەکانی نێوانیان و لە پێناو چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەی مووچەخۆران”.