پرۆسەی گواستنەوە و دابەزاندنی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا بە ئۆنلاین دەستپێدەکات

لڤین:
وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، لە پێناو پاراستنی خوێندکاران و کار ئاسانی کردن لە کاروبارەکانیاندا پرۆسەی گواستنەوە و دابەزاندن بە ئۆنلاین دەستپێدەکات.
عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا بە سایتى فەرمى حکومەتی ڕاگەیاند: بەمەبەستى ئاسنکارى بۆ خوێندکاران و قوتابیان و لە درێژەى هەوڵەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ بە ئەلیکترۆنى کردنى دامەزراوە زانستى و ئەکادیمیەکانى هەرێمى کوردستان، ماوەى دو ساڵە لەلایەن فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و ناوەندنى وەرگرتن و بەهاوکارى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى، پرۆسەى گواستنەوەو دابەزینى خوێندکاران لەنێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بە شێوازى ئۆنلاین و لە ڕێگەى پلاتفۆڕمى تایبەت بە گواستنەوەو دابەزین ئەنجام دەدرێت.
وتەبێژەکە ئەوەشی ڕاگەیاند، بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢١-٢٠٢٢) بە هەمان شێوەو بە ئامانجى پێشکەشکردنى باشترین خزمەتگوزارى بە خوێندکاران و قوتابیان بۆ ئەوەى لە کاتى پرۆسەى گواستنەوەو دابەزین ئەزیەت نەکێشن و سەردانى وەزارەت و زانکۆکان نەکەن بەتایبەت بۆ ئەوانەى لە دەرەوەى شارەکان و پارێزگاکانى ترى هەرێمى کوردستانن، وەزارەت لەڕێگەى لینکى (www.mhe-studentaffairs.com) پرۆسەى گواستنەوەو دابەزین بەشێوازى ئۆنڵاین بەپێى مەرج و ڕێنماییەکان دەخاتە بەردەستى خوێندکاران و پێویست ناکات هیچ قوتابیەک سەردانى وەزارەت و زانکۆکان بکات بۆ ئەم پرۆسەیە. وتیشى: پرۆسەى گواستنەوەو دابەزینى خوێندکاران و قوتابیان لە (١١/٧/٢٠٢١) دەستپێدەکات تاکو (٢/٩/٢٠٢١).
ئاماژەی بەوەشکرد، مەبەستێکى دیکەى وەزارەت لە پرۆسەى بە ئۆنڵاینکردنى پرۆسەى گواستنەوەو دابەزاندنى خوێندکاران، بریتییە لە پاراستنى سەلامەتى گیانى خوێندکاران و قوتابیان بە تایبەت لەسەردەمى بڵاوبونەوەى پەتاى کۆرۆناو مەترسیەکانى ئەم پەتایە لەسەر ناوەندەکانى خوێندنى هەرێمى کوردستان.
مەرج و ڕێنماییەکانی پرۆسەکە:
1.) قوتابی/ خوێندكار دەرچو بێت لە خولی یەكەمدا بە پلەی باشە یان سەروتر و دانیشتوی هەمان پارێزگا یان نزیک ئەو شارە بێت كە گواستنەوەی بۆ دەكرێت.
- قوتابی/ خوێندكار ئەگەر دایكی یان باوكی كۆچی دوایی كرد بێت لە ساڵانى خوێندنى زانکۆ، بە بەڵگەی فەرمی بیسەلمێنێت کە وەفاتنامە (بیان الوفاە) و (صورە القید) و دانیشتوی هەمان پارێزگا یان نزیک ئەو شارە بێت كە گواستنەوەی بۆ دەكرێت ، ئەگەر کۆچ کردنەکە لە ساڵانی خوێندن نەبو، ئەوا گواستنەوەکە بە سیستەمی (پارالێل) بەڕێژەى سەدا پەنجاى کرێى خوێندن دەبێت.
- ئەگەر قوتابی/ خوێندكار هاوسەرگیری ببەستێت لە ساڵانى خوێندنى زانکۆ دەبێت بە بەڵگەی فەرمی بیسەلمێنێت لە گرێبەستی هاوسەرگیری ، وێنەى ڕەسەنى تۆمارى باری شارستانی (صورە القید)ی ڕەسەن و بە فەرمی تۆمار كردنی لە لیستی باری شارستانی و دڵنیایی دەرچون (صحە الصدور) بۆ بەڵگەنامەكان بكرێت، بە هەمان شێوە بۆ ئافرەت ڕەچاوی جیابونەوەی خێزانی (طلاق) بكرێت و لە كاتی دەركەوتنی هەر ساختەكاریيەک لە بەڵگەنامەكان لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵ بکرێت، ئەگەر هاوسەرگیری کردنەکە لە ساڵانی خوێندن نەبو، ئەوا گواستنەوەکە بە سیستەمی (پارالێل) بەڕێژەى سەدا پەنجاى کرێى خوێندن دەبێت.
- هەر قوتابى/ خوێندكارێک (تەنها بۆ ڕەگەزی مێینە) لە ساڵانى خوێندنى زانکۆ منداڵی ببێت و بە بەڵگەی فەرمی بیسەلمێنێت ئەگەر منداڵ بونەکە لە ساڵانی خوێندن نەبو، ئەوا گواستنەوەکە بە سیستەمی (پارالێل) بەڕێژەى سەدا پەنجاى کرێى خوێندن دەبێت.
- منداڵی (كوڕ و كچ)ى شەهیدو ئەنفالكراوەكان مافی گواستنەوەیان هەیە لە نێوان زانكۆ بۆ هەمان كۆلێژ/ پەیمانگەو بەشی کە لێى وەرگیراون و بە نووسراوی پشتگیرى وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان و بە واژوی بەڕێز وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان یاخود بەڕێوبەری گشتی دەبێت.
- قوتابی/ خوێندكاری (كوڕ و کچ)ی مامۆستایانى زانكۆ لە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەرو دكتۆرا لە (مامۆستای یاریدەدەر ، مامۆستا ، پرۆفیسۆری یاریدەدەر ، پرۆفیسۆر) مافی گواستنەوەیان هەیە ئەگەر دەرچوبن، هەروەها (كوڕ و كچ) ى فەرمانبەرانی زانكۆکان و دەزگاکانى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا ، بە مەرجێک ساڵانى خزمەتى لە (15) ساڵ کەمتر نەبێت.
- گواستنەوە بۆ کۆلێژى پزیشکى کە سیستەمی ئینتیگرەیشن پەیڕەو دەکات ناکرێت، چونکە قوتابی دادەبەزێنرێتە قۆناغی یەکەم و ئەمەش وا دەکات پلانی ڕێژەی قوتابیانی قۆناغی یەکەم زیاد بکات.
- قوتابی/ خوێندكار لە خوێندنی بەیانیان مافی گواستنەوەی هەیە بۆ خوێندنی ئێواران بە مەرجێک لە هەمان پسپۆری خۆیدا بێت، دوای لاری نەبونی هەردولا بە ڕەچاوكردنی توانای بەشەكە لەگەڵ كۆنمرەكەی و پێدانى کرێى خوێندن.
- قوتابیان/ خوێندكاران)ى كۆلێژە (ئەهلییەكان) بە هیچ شێوەیەک مافی گواستنەوە یان میوانداریان نییە بۆ زانكۆ و كۆلێژە (حكومییەكان).
- گواستنەوەی قوتابیان/ خوێندكاران لە بەشەكانی ئێواران بۆ بەشەكانی هاوشێوەی بەیانیان ناكرێت لە بەر جیاوازى کۆنمرەى پێشبڕکێ.
- هەمو گواستنەوەیەكی قوتابیان/ خوێندكاران لە نێوان كۆلێژ و فاکەڵتى و پەیمانگەكان بە ڕێگای كۆلێژ و فاکەڵتى و پەیمانگەكان و سەرۆكایەتی زانكۆكان دەبێت (بە پێى ڕیزبەندی و پەیوەندی).
- بەرابەركردن و مەقاسەكردنی وانەكان لە لایەن بەشی زانستی داواكراودا ئەنجام دەدرێت لەگەڵ ناردنی لیستی ئەو وانانەی كە خوێندویەتی لەگەڵ یەكەكان لە ساڵانە و وەرزییەكاندا بە شێوەیەک (ئەگەر وانەی داواكراو زیاتر لە دو وانەی ساڵانە یان چوار وانەی وەرزی بو دەبێ قۆناغێک داببەزێندرێت) و لە كاتی پێشبڕكێ لە سەر گواستنەوەكان لە یەک پرۆسەدا ڕەچاوی كۆنمرەی قۆناغەكەیان دەكرێت و هەمو فەرمانی گواستنەوەی قوتابیان/ خوێندكاران بە واژوی سەرۆكی زانكۆکان دەبێت بە پێى پەیوەندی گواستنەوەكە.
- بۆ زانکۆکان هەیە سەیری داوای گواستنەوەی هەندێ لە قوتابیان/ خوێندکاران بکات بۆ گشت قۆناغەکانی خوێندن (جگە لە قۆناغی یەکەم) بۆ هەمان بەش بۆ شوێنی نیشتەجێبونیان بە هۆی ئەو نەخۆشییانەى کە زۆر سەخت و قورس و بەردەوام و درێژخایەن و ترسناک و چارەسەریان زەحمەتە.
- بۆ پێشکەشکردنى داواکارى لە ڕێگەى ئەم لینکەى خوارەوە: