عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێم چەند رێکارێک دەگرێتە بەر

سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق، ڕایگەیاند، بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەمزووانە چەند ڕێکارێکی پێویست دەگرنە بەر.

عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق، بە ڕۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، قەبارەی داهاتی دەروازە سنورییەکان لە ساڵی رابردوودا تریلیۆنێک و سەد و چل و نۆ ملیار دینار بووە، ئەمەش لەکاتێکدایە لە ساڵی 2019دا داهاتەکە ترلیۆنێک و سەد و بیست و دوو ملیار بووە، بەو پێیەش داهاتی دەروازە سنورییەکان لە 2020دا بەنزیکەی 71 ملیار دینار زیادیکردووە.

ڕونیشیکردووەتەوە کە بەرزکردنەوەی داهاتیی دەروازە سنورییەکانی عێراق لە کاتێکدابووە کە ڕێکارە تەندروستییەکان و قەدەغەکردنی هاتووچۆ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئارادابووە.

سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق، لەبارەی دەروازە نافەرمییەکانیش، وتی: جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان لەگەڵ وەزیری ناوخۆی هەرێم گفتوگۆی لەبارەی داخستنی دەروازە نافەرمییەکانی هەرێم کردووە، بۆیە لەدوای گرتنەبەری ڕێکاریی یاسایی و دەستوری و گفتوگۆی فەرمی بەمزووانە چەند رێکارێک دەگیرێتە بەر بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button