عێراقی دوای کازمی

دۆخی سیاسی و ئاسایشی عێراق تادێت خراپتر دەبێت، هۆکارەکەشی زۆر روونە؛ حەشدی شەعبی و حیزبوڵڵای عێراقین. *گرفتی سەرەکی عێراق ئەوەیە، هیچ دامەزراوەیەکی لەژێر سستەمی دەوڵەتدا نەماوە، هەمووی کەوتووەتە ژێر کاریگەری هێزی دەرەوەی سوپای عێراق.

ئێستا لە عێراقدا زیاتر لە ٤٠٠ حیزب هەن، زیاتر لە دە هێزی پڕچەک لەدەروەی بازنەی سوپا و وەزارەتی ناوخۆدان، ئەمانە ئاماژەی مەترسیدارن بۆ ئاسایشی عێراق.  کێشەی نێوخۆیی شیعەکان لەسەر دەسەڵات و دابەشکردنی بازرگانی نەوت و خۆراک و چەکیش، کێشەی شیعەکانی قووڵتر کردووەتەوە.  ئەوەی جێی نیگەرانییە ئەوەیە، لایەنە کوردییەکان تەواو پەرتەوازە و ناتەبان، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ نەخشەو پلانێکیان بۆ رووبەڕوو بوونەوەی مەترسییەکان و ئاییندەیان لە عێراقدا نییە.

ئەگەر کورد بەم حاڵەی ئێستاوە دوای هەڵبژاردن بگەڕێتەوە بەغدا، نەک هەر هەڕەشەی لەسەر دەبێت، بەڵکو هەر کاتژمێرەو حیزبێک و کوتلەیەک لە پەرلەمان سەودای فرۆشتنیان لەسەر دەکەن.!  پێویستە لایەنە کوردییەکان، لە ئێستاوە خەمێک لەخۆیان و خەڵکی کوردستان بخۆن، چونکە عێراق و حکومداری پۆست کازمی، قۆناغێکی سەختەو سەودا لەگەڵ سەدر لە حکومەتی عێراق قورس و بەئازارە! موقتەدا سەدر یارییەکی گەورە لە عێراق بەڕێوەدەبات، ناوبژیوانێکی ترسناکی ئاییندەی عێراقە، رەنگە پشتیوانی بەهێزی هەبێ، بەڵام دواجار سەدر ناتوانێ عێراق بگەیێنێتە کەناری ئارام.


بژار حەکیم

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button