وتەبێژی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی راگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر بڵاوکردەوە

لڤین:
وتەبێژی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، راگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە.
واین مارۆتۆ، وتەبێژی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر لەبارەی ئەو هێرشەی کە درەنگانی شەوی رابردوو کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، راپۆرتی سەرەتایی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: “دەروبەری کاتژمێر 11:15 خولەک بەکاتی ناوخۆیی یەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەر بنکەی سەربازیی هەولێر لە عێراق کەوتووە”.
واین مارۆتۆ راشیگەیاندووە، لەم کاتەدا راپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی ناکەن و لە کاتی دەستکەوتنی زانیاریی زیاتر، زانیارییەکان بڵاودەکەنەوە.
پێشتر دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاندبوو کاتژمێر 11:30ی شەو، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو هێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد بوو کە “هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی و ماددیی نەبووە، تەنها ئاگر لە پووش و پەڵاش کەوتووەتەوە”.