ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە

لڤین:
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لە بارەی ئامادەبوونی شاندی وەزاریی حکومەتی هەرێم لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان و چەند بابەتێکی دیکەوە دەکات.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:
– خستنەڕووی پوختەی دەرئەنجامی ئامادەبوونی شاندی وەزاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بە ژمارە (١٦) لە ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢١/٦/٢٨ و وەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتاران لە لایەن شاندی وەزارییەوە و خستنەڕووی ڕاسپاردەی کۆتایی دانیشتنی پەرلەمان.
– خستنەڕووی دەقی هەموارکراوی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای (هەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابوری لە هەرێمی کوردستان – عێراق ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠١٠) تایبەت بە هێنانەکایەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دڵنیایی (التأمین).
– خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی شیکاری سەبارەت بە ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای (پەروەردە و فێرکاریی لە هەرێمی کوردستان – عێراق).
– خستنەڕووی بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئابوری لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٠٢١/٧/٤ سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی داهاتی گشتی باج و ڕسومات.