لە هەولێر؛
پیاوێكی بەتەمەن بەهۆی هەڵخەڵەتاندنی خەڵكی لە فەیسبووك دەستگیركرا

لڤین:
پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، بە تۆمەتی خەڵەتاندنی خەڵك لەڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك كەسێكی تەمەن 55 ساڵیان دەستگیركردووە.
بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، نوسینگەی رۆژهەڵات لە گەڕەكی كوێستان لە هەولێر، كەسێكیان دەستگیركردووە كە ناوی (ش. م. ج)ـە و تەمەنی 55 ساڵە.
لە راگەیەندراوی پۆلیسدا هاتووە، ئەو پیاوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووكەوە مامەڵەی بە دۆلاری كۆن و نوێ كردووە، دوای ئەوەی پارەی لە هاوڵاتییان وەرگرتبوو، خۆی لێ شاردبوونەوە.
پۆلیسی هەولێرئەوەشی ئاشكراكردووە، تۆمەتبارەكە چەندین تاوانی لەو جۆرەی ئەنجامداوە و لە ژمارەیەك بنكەی پۆلیسیش داوا كراوە، دانی بە تاوانەكەیدا ناوە، بۆیە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددە 443 لە یاسای سزادان، بەند كرا و لێكۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە.