لیژنەی باڵای هاوپەیمانێتیەکەی گۆڕان و یەکێتی کۆبوونەوە

لڤین:
لیژنەی باڵای ھاوپەیمانی کوردستان ئەمرۆ دوو شەممە، یەکەمین کۆبونەوەی بە سەرۆکایەتی لاھور شێخ جەنگی، سەرۆکی ھاوپەیمانیەتیەکە و ئامادەبوونی رێگەپێدراوی گشتی و ئەندامانی لیژنە باڵاکە لە شاری سلێمانی ئەنجامدا.
بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، ھەنگاوە کرداریەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتن و ھاوپەیمانی نێوان یەکێتیی و گۆڕان بۆ ھەلبژاردنی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، گفتوگۆکرا و میکانیزمەکانی ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش بڕیاری لەبارەوە درا.
لە کۆبونەوەکەدا شێوازی کاری ھاوبەش و نەخشە رێگای جێبەجێکردنی بۆ داھاتووی ھاوپەیمانیەتیەکەی دیاری کرد و بریار درا لەسەر چالاککردنی کاری لیژنە سەرەکی و لیژنە ھاوبەشەکانی دیکە لەسەر ئاستی بازنەکانی ھەڵبژاردن.
هەردوولای کۆبوونەوەکە هاوڕابوون لەسەر ئەوەی هاوپەیمانێتیەکەیان لە داھاتوودا دەتوانرێت ببێتە فاکتەرێکی بەھێز بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی گەلی کورد و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەرو ھەموویانەوە کێشە داراییەکان و دابینکردنی موچە و شایستە داراییەکان.