دەرباز محەمەد: دەسەڵاتێك هەیە لە دەرەوەی حكومەتی هەرێمە، چی بوێت ئاوا دەکات

لڤین:
ئەندامێکی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، دەسەڵاتێك هەیە لە دەرەوەی حكومەتی هەرێمە، چی بوێت ئاوا هەنگاو دەنێت.
دەرباز محەمەد، بە رۆژنامەی هاوڵاتی وت: دەسەڵاتێك هەیە لە دەرەوەی حكومەتی هەرێمە، ئەو كۆنتڕۆڵی جومگەكانی كردووە و چی بوێت ئاوا هەنگاو دەنێت.
ئەو ئەندامەی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دەشڵێت: گۆڕان لە پرەنسیپەكانی بزوتنەوەكە و كاك نەوشیروان لاینەداوە و تەنازولمان لە هیچ یەكێك لەو پرەنسیپانە نەكردووە، بەڵام گرفتێك هەیە كە ئێمە لە حكومەتداین و ئەو پرەنسیپانە جێبەجێ ناكرێت.
ئەوەشی روونکردەوە، تائێستا هەنگاوەكان بۆ ئەنجامدانی چاكسازی بەپێویست نابینین، چونكە مەبەستی ئێمە لە چاكسازی مەلەفی نەوت و پێشمەرگە و ئاسایش و دادگاكان مافی مرۆڤە، كە هیچی وەك پێویست نەچوەتە پێشەوە.
دەرباز محەمەد وتیشی: لەڕووی تیۆری هەنگاوی باش نراوە بۆ چاكسازی لەڕێگەی ئەو یاسایەی تایبەتە بە چاكسازی لە خەرجییەكان، بەڵام ئێمە بەڕوونی وتومانە چاكسازییەكان تائێستا ریشەیی و گشتگیر نین و خاوو خلیچییەكی زۆر هەیە.