ئامارێکی مەترسیداری توشبوون بە شێرپەنجە ئاشکرا کرا

لڤین:

بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى هیوا لەشارى سلێمانى ، ڕۆژانە ( ٨ بۆ ١٠ ) توشبووى نوێى شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمار دەکرێت.

د.یاد نەقشبەندى بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی، ئەمڕۆ ( یەک شەممە ٤ى تەموزى ٢٠٢١ ) بەمیدیاى فەرمى یەکێتى، ڕاگەیاندووە،” تەنها لەماوەی( ٥ )مانگی ئەمساڵدا ( ١٥١٧ ) نەخۆشمان هەبوە كە ( ١٠٣١ )ی توشبویان شێرپەنجە بوون.”

لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا ئاشکرای کردووە،” رۆژانە ( ٨ بۆ ١٠ ) توشبوی شێرپەنجە لەهیوا تۆمار دەكرێت كە ( ٧٠٪ بۆ ٨٠٪ )ی خەڵكی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕینە، بەشەكەی تر لەپارێزگاكانی هەرێم و عیراقەوە دێن.”

ئاماژەی بەوەیشداوە کە،” بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانەوە تا دێت ئامارەكانی توشبون بەشێرپەنجە زیاد دەكات.”

بەگوێرەى ئامارەکانى ئەو نەخۆشخانەیەش، لەسەرەتای دامەزراندنی نەخۆشخانەكەوە تائێستا (٦٦،٠٠٠ ) نەخۆش لەو نەخۆشخانەیە تۆمار كراوە و لەو ژمارەیەش ٣٠ هەزاریان توشبوی شێرپەنجە بوون، ٣٦ هەزاریشیان نەخۆشیەكانی خوێنیان هەبووە، لەم ژمارەیەش ( ٧٧٪ )ی خەڵكی سنوری پارێزگای سلێمانی و ( ٦٪  )پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و ( ١٧٪  )شیان خەڵكی ناوچەكانی تری عیراق بوون.

سەبارەت بە بڕی تێچووى چارەسەرکردنى نەخۆشەکانیش، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى هیوا، ئاشکرای کرد،” چارەسەركردنی هەر توشبویەكی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا بەڕێژەی لەنێوان ( ١٠٠ بۆ ٢٠٠  ) هەزار دۆلاری تێ دەچێت، تەنها پشكنینێك ( ٢٥٠٠ ) دۆلاری تێ دەچێت، لەكاتێكدا لەوڵاتانی دەوروبەری عیراق پشكینینی نەخۆشخانەی شێرپەنجە بەبێ بەرامبەر ناكرێت.”

جێگەی ئاماژە پێدانە بە هۆی دابین نەکردنی پارە بۆ کارمەندان و پەرستارانی نەخۆشخانەی هیوا مانگی ڕابردوو بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری لەو نەخۆشخانەیە ڕاگیرا و مانگرتنیان ڕاگەیاند، ئەو هەڵوێستەی حکومەت کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی سەردانی نەخۆشخانەکەی کردوو، هەموو پاڵپشتی و هاوکاریەکی بۆ نەخۆشخانەکە و کارمەندان و پزیشکانی ڕاگەیاند، وتی ( ناهێڵین نەخۆشخانەی هیوا بکەوێت )، لە سەردانەکەیدا مووچەی مانگانەی ٥٠ پەرستاری نەخۆشخانەکەی گرتە ئەستۆ.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button