ھەولێر لە نێوان ئەمەریکا و روسیادا؟

ساڵی 2017 کاتێک حکومەتی ھەرێم رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای رۆزنەفتی روسی واژۆکرد، دوای ئەم رێککەوتنە ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز گوتی؛ ھەولێر کە ھاوپەیمانی ئەمەریکیەکان بوو، لە ئێستادا بوو بە ھاوپەیمانێکی گرنگی ڕوسەکان. دوای ئەوە یەکەم کاردانەوەی ئەمەریکەکان بەرانبەر ئەو رێککەوتنە بێ ھێزکردنی کورد بوو لە بەغدا، بەڵام گوێ نەگرتنی هەولێر بەم فشارە لەسەرخۆیە؛ ئەمەریکا کاردانەوەی خراپتر دەبێت، چونکە ئەوەی تا ئێستاش قەوارەی ھەرێم دەپارێزێت ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانن، نەک ھێزی تر.
ئەوەی جێگای سەرنجە لە ئێستادا، بەردەوامیدانی ھەولێرە بەو سیاسەتە ھەڵەیەی لە ڕابردوو کردوویەتی، لە جیاتی ئەوەی بگەڕێتەوە سەر ھێلە راستەکە، بە پێچەوانەوە جاڕی ھەڵەکەی دەدات.
سوود وەرنەگرتن لە مێژوو و ھاوپەیمانێتی لەگەڵ روسەکان ھەمیشە وێران بوونی نەتەوە و نیشتیمانی بە دوایی خۆیدا ھێناوە، خۆ بەناو سەرکردایەتی کورد ئەزموونی رابردوویان لەگەڵ روسەکان ھەیە کە بە شەو و رۆژێک پشتی تێکردن و چی بەناو شۆڕش ھەبوو کردی بە بڵقی سەر ئاو.
روسەکان نزیکی 25 ساڵ سەرخان و ژێرخانی سودانیان تاڵان کرد، بەڵام ئامادەنەبوون رێگری لە لەت لەت بوونی خاکەکەیان بکەن و رێگربن لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ عومەر حەسەن بەشیر دەرکرد.
ئێستا ھەولێر خەریکە لەنێوان ئەو دوو زلھێزە دەھاڕدرێت، ئەوەی مایەی پێکەنینە؛ ھەولێر ناتوانێت بەرگری لەخۆی بکات و داوای ھاوکاریش لە ئەمەریکیەکان دەکات تا بیپارێزێت، لە کاتێکدا نیوەی سامانی سروشتی ھەرێمی کوردستان لە لایەن روسەکانەوە کۆنترۆلکراوە، حکومەتی ھەرێم دەبێ سوپاسگوزاربێت کە ئەمەریکەکان ئەو پەندە کوردیە نازانن کە دەڵێت؛ کێ کەبابی خواردووە با ئەویش بچێتە ژوورەوە، نەوت و غازیشی رادەستی کێ کردووە با ھەر ئەویش رێگری لە درۆن و موشەکەکان بکات بۆ پاراستنی ھەولێر.
رەنگە ئێستاش کات مابێت، وەرنەوە بۆ دەچن ئێران؟
ئێران ئەگەر چارەسەری لابووایە چارەسەری خۆی دەکرد، ئەگەر دەتانەوێت کورسی و دۆلارەکانتان سەلامەت بێت بگەرێنەوە لای ئەمەریکەکان و داوای لێبوردن بکەن، ئەگەرنا زیاتر لە ئێستا بچووکتر دەبنەوە تا دەکەون بەسەر پێیان.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button