نەنگیە کوالێتی بەندیخانەی ئیمرالی لە کوالێتی بەندیخانەکانی ئیدارەی خۆسەر باشتربێت

(١)

دونێ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شام بە تویتێک نیگەرانی خۆی لەسەر هۆکاری مردنی هاوڵاتی ئەمین عیسا عەلی (سی و پێنج)ساڵ، خەلکی شاری دیربێسیرێی پارێزگای حەسەکە لە بەندیخانەکانی ژێردەستی ئیدارەی خۆسەر راگەیاند.

( تویتەکە داوای لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە و روون دەکات و نووسراوە ” هەرکەسێک بەرپرسیاربێت لە ئەشکەنجەدان یاخود مامەڵەیەکی خراپی زیندانیان، دەبێت سزابدرێت”)

(٢)

ئەمین لە بیستودووی ئایارەوە بەتۆمەتی پێدانی بەرتیل و گەندەڵی لە چاكسازیی غوێران لە حەسەكە بەندكرابوو، دووشەمەی رابردوو مرد، ئیدارەی خۆسەر رایگەیاندووە کە ئەمین بە جەڵتەی مێشك گیانی لەدەستداوە، خانەوادەکەشی دەڵێن “لەژێر ئەشكەنجەیەكی زۆردا مردووە”.

(ئەمین نەخۆشی غودەی دەرەقی هەبووە، خانەوادەکەی دەڵێن “ویستویانە دەرمانی بۆ ببەن بەڵام نەیان هێشتووە”)

(٣)

کۆمەڵێک وێنەی ئەشکەنجەدراوی ئەمین لەلایەن خانەوادەی بلاوکراینەوە، ئیدارەی خۆسەریش دەڵێت “وێنەکان بە فۆتۆشۆب دەستکاری کراون”.

(ئەری بەراست، ئەوە دەچێتە عەقلەوە کە ساحێب تازیە فۆتۆشۆبی وێنەی مردووەکەی بکات!)

(٤)

ئەوە یەکەمجار نیە، پێشتریش گومان و قسە لەسەر مامەلەی خراپی دەزگا ئەمنیەکانی ئیدارەی خۆسەر لەگەل بەندیەکانی داعش هەبوو، قسەکانی خانەوادەی ئەمین گومانەکەیان زیاترکرد، دەبێت قسەکانیان بەهەند وەربگرین.

( بەندیخانەی هەر وڵاتێک؛ پێوەرە بۆ رادەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لەو وڵاتە)

(٥)

دیواری ماڵەکانمان لەفەیسبووک وێنەی کچە شەڕڤانەکانی تێدا هەڵواسراوە، کە بەرخودانی کۆبانێیان کرد، سوپاسمان کردن و هاوسۆزیان بووین، بەڵام نابێت بێدەنگ بیین بەرامبەر هیچ دەستەلات و لایەنێک کە ئەشکەنجەی بەندیەکان بدات (هەتا ئەگەر بەندیەکە داعشیش بێت).

( بەرێز ئۆجەلانیش لە بەندیخانەیە، گەلۆ ئەگەر مامەلەو کوالێتی بەندیخانەکانی رۆژئاوا لە ئیمڕالی باشتربێت، خۆسەری دیموکراتیک چ زیانێکی پێدەگات!)

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button