زیاتر لە چوار ملیار دینار بۆ خاوێنکردنەوەی چەند ناوچەیەکی هەرێم خەرج دەکرێت

لڤین:

فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ئاشکرایکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە چوار ملیار دیناری بۆ خاوێنکردنەوەی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، تەرخانکردووە. 

لەو بارەیەوە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە “لە درێژەی پێشکەش کردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕی (٢,٧٦٢,٧٦٠,٠٠٠) دوو ملیار و حەوت سەد و شەست و دوو ملیۆن و حەوت سەد و شەست ھەزار دینار بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار تەرخان کرا بە مەبەستی خاوێنکردنەوەی قەزای سێمێل و دەوروبەری بۆ ماوەی سێ ساڵ کە لە ڕێکەوتی ٢٠٢١/١/١ دەست پێ دەکات تا ڕێکەوتی ٢٠٢٣/١٢/٣١ی زایینی.

لە لایەکی دیکەوە فەرمانگەکەکە ئاشکرایکردووە کە، بڕی (١,٤٥٢,٠١٢,٠٠٠) ملیارێک و چوار سەد و پەنجا و دوو ملیۆن و دوازدە ھەزار دینار خەرج کرا، بۆ یەک ساڵی خاوێنکردنەوە و ھەڵگرتنی زبڵ و خاشاکی شارەوانی (خەبات، سفەیە، شاخۆڵان و کەورگۆسک) کە لە ڕێکەوتی ٢٠٢١/١/١ دەست پێ دەکات تا ڕێکەوتی ٢٠٢١/١٢/٣١ زایینی.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئەوەشی خستوەتەڕوو کە هەردوو بڕە پارەکە لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار خەرج دەکرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button