“هەرێمی کوردستان تەماشاکەرە و زاتی ئیدانەکردنی بۆردوومانەکانی نییە”

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لەسەر بۆردومانەکەی دوێنێی پشدەر هاتە دەنگ و ڕەخنەی توند لە دەسەڵاتی عێراق و هەرێم دەگرێت، کە لە بەرامبەر پەلاماردانەکان بێدەنگن و سەروەریی خۆیان لەدەستداوە، دەشڵێت: هەرێمی کوردستان لە ئاست پێشێلکارییەکان تەماشاکەرە و بە بەیاننامەیەکیش زاتی ئیدانەکردنی بۆردوومانەکانی نییە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەبارەی بۆردوومانەکەی دوێنێی گوندی شێنێ-ی ناوچەی پشدەر کە لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدراو بەهۆیەوە کەسێک برینداربوو زیانی ماددی زۆریش بەر ماڵی هاوڵاتیان کەوت ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەدا هاتووە: “ئەو سنووربەزاندن و بێ ڕێزییە لەبەرامبەر سەروەریی دەوڵەتی عێراق و هەرێمی كوردستان هیچی تێدا نەهێشتۆتەوە و گەواهی ئەوەش دەدات كە لەسایەی دابەشبوون و رادەستبوون بە ئەجێندای هەرێمییەوە، خاكی كوردستان بۆتە شوێنی تەراتێنی سەرباز و سوپای وڵاتان و ئاسمانەكەشی هەر ڕۆژە لەلایەن دەوڵەتێكی ناوچەكەوە دەبەزێندرێت”.
دەشڵێت: “ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر (شێنێ) ڕوویدا و ماوەماوەش لەبەرامبەر ناوچەكانی تری باشووری كوردستان دووبارەدەبێتەوە، ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە هەم دەوڵەتی عێراق لەبەرامبەر لەشكركێشی هەرێمیی سەروەریی خۆی لەدەستداوە و هەمیش هەرێمی كوردستان لەبری ئەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەمەترسیی بە ئامانجگرتنی ناوچەی نیشتەجێبوون و ئاوەدانی ئاگادار بكاتەوە، وەك تەماشاكار لەو روداوە مەترسیدارانە دەڕوانێ و تەنانەت بە بەیاننامەیەكیش زاتی ئیدانەكردنی ئەو پێشێلكارییانە ناكات”.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە مێژوو سەلماندوویەتی كە ڕێگای شەڕ و بۆردوومان دژی نەتەوەی كورد بێهودە بووە دەڵێت: “لەكاتێكدا بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە و بەئامانجگرتنی گوندی سەربەرزی (شێنێ) دەكەم، داواش لە هێز و لایەنە سیاسییەكان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم لەپێناو شكۆو كەرامەتی نەتەوەییمان فشارێك لەسەر دەوڵەتی توركیا دروست بكەن تا چیتر ئەوە دووبارە نەبێتەوە، چونكە ئەوكات رووداوی كارەساتبارتر و چاوەڕواننەكراو تر، بەرۆكمان دەگرێتەوە”