کورد ئەبەد ناگاتە مەخسەد نۆکەری بێگانەیە

(ئەم وتارە دەربارەی قسەکانی سەباح غالبی راوێژکاری سەرۆکی پارتی نوسراوە. ناوبراو لە کۆنفراسێکدا لە ژێر ناونیشانی کوردناسییدا قسە دەربارەی مەلیک مەحمودو بەریتانیا دەکات لە زانکۆی چەرموو لە چەمچەماڵ. لە خوارەوە لینکی قسەکانی سەباح غالب دا نراوە.)

سەباح غالب یەکێکە لە راوێژکارەکانی مەسعود بارزانی. ناوبراو لە رێگای قسەکردن دەربارەی مێژووی داگیرکردنی باشوری کوردستان لە لایەن بەریتانیاوە، بە حەماسەوە ژمارەیەک قسەی بێ بناغەو هەڵبەستراو، بە ئارەزویەکی لادەرانە لە رەفتاری سروشتیی، رێک دەخات. سەربەسەری قسەکانی سەباح غالب دورن لە زانست و هیچ خەسڵەتێکی رەخنەیان تیادا نین. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت مەبەستم ئەوە بێت لە پلەی یەکەمدا دەمی کەسانێک بگیرێت رای خۆیان بڵێن یاخود خۆیان پیشان بدەن. من ساڵی ١٩٩٣ بڵاوم کردۆتەوە کە “دەمی کەس مەگرن، هەموو شتێک بۆ وتن دەبێت. بەڵام وتراوەکان بۆ هەموو شوێنێک نابن!” بەڵکو لە پلەی دووەمدا گرنگە کە ئەو شتانەی دەوترێن و دەنوسرێن چین و چۆن رێک دەخرێن؟ زانست بۆ رەفەی خۆی و پۆخڵەواتیش بۆ خانەی خۆی. هەردوکیان دەتوانن سودبەخش بن. زانست، چۆن رەچاوی بکەین و لەسەری بڕۆین. پۆخڵەوات، چۆن خۆمانی دور لێ بگرین و سنوری زانستی پێ دەست نیشان بکەین. ئێمە بۆ ئەوەی گومانمان لە شتە جوانەکان نەمێنێت، پێویستە ناشرینەکانیش بناسین. هزراندنەکانی سەباح غالب و لێچووەکانی نمونەی زەق و لەباری شتی خراپن کە وەکو رەنگی رەش هەبن بۆ زیاتر دەرکەوتنی شتی سپی. لەم بارەیەوە لە کاتێکی دیدا رونکردنەوەی زیاترم دەبێت چۆن و بۆ؟

شایانی باسە ژمارەیەک کەسی ناهوشیار زۆر جار بابەتەکان بە شەخسیی دەبینن. وا دەزانن ئەو دژایەتییەی کە لە زەمانی ئینگلیزەوە هەتا ئێستا بەرانبەر بە مەلیک مەحمود دەکرێت، دژایەتیی کەسێکە. بەڵام ئەوەی نەبێت ئەوەیە. فەرهادی کورد کە ناوی شیعریی مەلیک مەحمودە، خۆی نەماوەو تەواو بووە. ئەوەی کە لە رێگای خۆیەوە دژایەتیی دەکرێت شتێکە لە خۆی قووڵتر. ئەویش بریتییە لە دژایەتیی سیاسەتی سەربەخۆیی کوردو پرەنسیپ و بەهاکانی. ئەو پرەنسیپ و بەهایانەی کە گەلێک پێویستی پێیانە بۆ رزگاریی لە ژێردەستیی و ئیهانەکراویی نمونەی ئەنفال، هەڵەبجە، لەداردانی خاکپارێزانی و تەنانەت بڕینەوەی دارەکانیشی. دار لەسەر رەگی وەستاوە. مرۆڤ و گەلێکیش بە مێژوویان بە پێوەن و دەڕۆن. ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر تورکە بیکات، بڕینەوەی دارەکانیشمانە. ئەوەی بۆ جرجیش دەمێنێتەوە شکاندنی ئێسکی مێژوومانە. بۆ ئەوەی کە هاتن لەسەر ئەژنۆ بین، نەتوانین بە پێوە بین. دوژمن تەنها بە چەک شەڕ دژی کورد ناکات. بەڵکو بە سیاسەتیش شەڕی خۆی دەکات. شەڕێک کە کورد خراپتر لە شەڕی چەک تیایدا شکاوە.

سەباح غالب لە بەرنامەکەدا هێرشێکی خۆتڕێن دەکاتە سەر مەلیک مەحمودو بە شانوباڵی ئینگلیزەکاندا هەڵ دەدات وەکو ئەوەی ئەوان بە داگیرکاریی گەشتبێتنە باشوری کوردستان بۆ ئەوەی کورد سەربەخۆ و رزگار بکەن. بەڵام شیخ مەحمود دژی ئەو حکومەتە جەنگابێت و نەی هێشتبێت ئینگلیز کورد رزگار بکات. ئاخر ئەم کەریزمایە لە کوێی دنیا دەست دەکەوێت لای راوێژکارو زانکۆی چەرموو نەبێت؟ ئەی دوای ئەوەی کە ئینگلیزەکان شێخ مەحمودیان بە برینداریی گرت، حکومەت و رزگارییەکەی ئینگلیز چی لێ هات، هێلکە بوو شکا یان سەباح غالبەکانی هەڵ هێنا؟

سەباح غالب لە بیرو حەزی خۆی ئەفسەرەکانی بەریتانیا دا دەڕێژێتەوە. قسەکانی خۆی دەخاتە ناو دەمی ئەوانەوە (٢). دەیانکات بە ئەفسەرانێک کە ویستوویانە کوردستان سەربەخۆ بکەن. دۆلاربیر بە جۆرێک دەیان بیرێنێت کە ئەفسەرەکان خۆیان ناناسنەوە. راوێژکاری سەرۆکی پارتی قسانێک بۆ ئینگلیزەکان دەکات کە ئینگلیزەکان خۆیان هەرگیز نەیان کردووە و ئامادەنین بیانکەن. ئەوان خۆیان بە ئاگان لەوەی کە داگیرکەربوون، بۆ بەرژەوەندیی وڵاتەکەیان هەموو بێشەرەفییەکیان کردووە بەرانبەر بە کورد. ئەوەی لە کوردستاندا کردوویانە مێژوویەکی شەرمەزارییە بۆیان. ئەوان خۆیان شانازیی پێوە ناکەن. بەڵام لەو شوێنەدا کە مەیدانی جەنگ بووە، سەباحێکی راوێژکار لە تۆوی جاشی کۆن سەر دەر دەهێنێتەوەو ئەو عەبا ئینگلیزییە دەکاتە شانی کە ئینگلیزێک نییە خۆی پێوە با بدات. ئەی ئافەرم مەسعود بارزانی بۆ خۆت و راوێژکارت! ئەی ئافەرم زانکۆی چەرموو بۆ خۆت و زانستت!

سەباح غالب بە دۆلاری حەرام تەنانەت پشتی ملی بۆ داگیرکەری خاک دەکولێتەوەو دەڵێت شێخ مەحمود ئازایەتیی خۆی بە گرتنی ئەفسەری ئینگلیز تاقی کردۆتەوە. بەڵام چاوی نەک تانە دۆلاری لەسەرە تاوانەکانی ئینگلیز ببینێت. ئینگلیزەکان تەنانەت مەڕو مریشکیشیان لە بۆردوماندا دەکوشت. فەرماندەی فڕۆکەوانییەکەیان ئارسەر هاریس (Arthur Harris) دواتر لە جەنگی جیهانیی دووەمدا لەبەر ئەوەی فەرماندەی وێرانکردنی شاری درێسدنی (Dresden) ئەڵمانیی بوو، ناوی دەر کرد بە بۆمبەر هاریس (Bomber Harris). ئەم بۆمبەر هاریسەی سەباح غالب دەنوسێت: “عەرەب و کورد ئێستا دەزانن بۆمباران چ زیانێک لە گیان و ماڵ دەدات. بە ٤٥ خولەک گوندێکی گەورە وێران دەکرێت و یەک لەسەر سێی دانیشتووانەکەی دەکوژرێن یان زامدار دەبن.” بۆمبەر هاریس یەکەم جار خۆی بە کوشتاری کورد را هێنا. چەرچڵ گاڵتەی بەو کەسانە هاتووە کە لارییان لەوە هەبووە چەکی کیمیاویی بە کار نەیەت. ئەو وتوویەتی چەکی کیمیاویی ژمارەی سەربازیان بۆ کەم دەکاتەوەو ئەو چەکە دژی ئەو گەلە ناشارستانییانە پڕ بە پێستی خۆیەتی. ئەوان حسابی مێشیان بۆ کورد کردبوو. راسترین گفتیان باشترین درۆیان بووە لەگەڵ کورد.

سەباح غالبی راوێژکار، وەکو برادەرێک وتی، دەڵێی ئێستا ئینگلیز کوردستانی داگیر کردووەو هەڵگەڕاوەیەکی خستۆتە سەر تەلەفیزیۆن. ساڵی شەستەکانیش رژێمی عێراق کوردی هەڵگەڕاوەی دەخستە سەر رادیۆو بە ئارەزوی رژێم درۆ و قسەی بێ سەروبەری پێ دەکردن. بەڵام ئەوانە هەرگیز راوێژکار نەبوون. سەباح لە مێژووی شێخ مەحموددا نە ژیاوە. بەڵام وا ئێستا دوای سەدو سێ ساڵ لە زانکۆی چەرموو و تەلەفیزیۆنی روداوەوە فریای خۆی دەکەوێت. هەر لە دۆڵابی زەمانی کۆنیشەوە ئەو کراسەی پێ دەگات کە فایەق بێکەس دوریوویەتی:
کورد ئەبەد ناگاتە مەخسەد نۆکەری بێگانەیە
دودڵن پیسن لەگەڵ یەک بۆیە وا بێ لانەیە
میللەتـێکن بۆ نەمانی یەکتریی هەر هەوڵ ئەدەن
داخەکەم وردو درشتی شێت وشەیدای عانەیە
لە راستییدا هزراندنەکانی راوێژکارەکەی مەسعود بارزانی هیچ ناڵێن دەربارەی راستیی شێخ مەحمودو سەردەمەکەی. بەڵکو لە رێگای ئەو هێرشانەوە کە دەکرێنە سەر شێخ مەحمود، کەسەکان رەسەنی خۆیان دەر دەخەن و راستیی سیاسەتی ئێستامان پیشان دەدەن کە لە چ جێگەیەکدایەو چۆن دەڕوانێتە داگیرکەری نیشتیمان و وڵاتپارێزیی. لای هەموو کەس رونە کە دەستەڵاتدارانی هەرێم راوێژکار بۆ ئەوە دا نانێن سود لە زانست و تاقیکردنەوەیان ببینن.

بەڵکو راوێژکار ناونیشانێکە دەیدەن بە کەسێک پارەی پێ وەر بگرێت و سودمەند ببێت پێی. سەباح غالب یەکێکە لەو کەسانەی کە هەوڵێکی زۆری داوە هەتا بەسەر زۆربەی پارتییەکاندا هەنگاو بنێت و دەمی بگاتە ئەو پۆستە. قسەکانی سەباح غالب بەو جۆرە لێک دەدرێنەوە کە سەباح بە خەیاڵی خۆی مەڵاشوی سەرۆک دەخوێنێتەوە. بەو هەوایە قسە دەکات کە لە مەڵاشوی سەرۆکەوە هەڵ دەکات. جەربەزەیی و سەنگەرشکێنیی خۆی پێشانی ئەوان دەدات. مەسعود بارزانی حاجی عەزیزی قامیشی شەستەکان نییە خوێندەواریی نەبێت عەلی توانا ئیمزای بۆ بکات. خۆی کتێبی نوسیووە لەسەر مێژوو. ئایا مێژوو ئاوا دەنوسێتەوە؟ ئەی کە فڕۆکەکانی ئینگلیز گوندەکانی بارزانیان وێران دەکرد، دوای مەلا مستەفا کەوتبوون بیگرن و بیخەنە سەر ئەو حکومەتەی کە حوکمداری نەبوو، وەکو راوێژکار دەیهزرێت؟ سەباحەکان بۆ پارە چی لە خۆیان دروست دەکەن، ئەوە بە جێگای خۆی. بەڵام ئەوەی راوێژکارێکی سەرۆک بە دۆلاری حەرام پشتی ملی بۆ داگیرکەری خاک بکولێتەوە، دەستەڵاتی هەرێم و زانکۆ لە کوردستاندا دەخاتە ژێر پرسیارەوە:
ئایا ئەو قسانەی راوێژکار دەیانکات لەسەر مەڵاشوی مەسعود بارزانی نوسراون؟
ئایا لای زانکۆی چەرموو زانست چییەو بە چ پێوەرێک قسەکانی سەباح غالب دەچنەوە سەری وا قسەکانی بە زانستیی لە قەڵەم دەدات؟
ئەم دو پرسیارە ناکرێت بێ وەڵام بن.

لینکی قسەکانی سەباح غالب:

تێبینیی و سەرچاوە:
١. ناونیشانی وتارەکە نیوە دێڕێکی شیعرەکەی فایەق بێکەسە.
٢. ئەو گوزارشتەی قسەی یەکێک لە دەمی یەکێکی تردا بێت، هی خۆم نییە. لە ئەوروپا لە بواری سیاسییدا ئەو قسەیە دەکرێت.
٣. ل: ١٢٩، Ingmar Karlsson, Inga vänner Utom bergen, Kurdernas Historia

 


ناسر حەفید

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button