هەڵچونەکەی گۆڕان و کۆمپانیاکەی ئاواتی شێخ جەناب

برادەرانی گۆڕان حەق نییە لەو دۆخەی دانیشتنە 18 کاتژمێرییەکەی پەرلەمان توڕە ببن.

ئێوە ئەگەر ڕاستگۆن و وەزیرەکەتان خۆی بەپاک دەزانێت و دەزانێت لەو دانیشتنە پاشقولی لێگیراوە، زۆر ئاسان کێشەکە چارەسەر دەبوو، دەیتوانی بەحوکمی ئەوەی وەزیری داراییە ئەگەر وەک ژمێریارێکیش بێت ئاگای لەزۆر کەین و بەین هەیە.

دەیتوانی بەبێ ئەوەی یەک درۆ بکات، هەموو ڕاستییەکان لەبارەی دۆخی دارایی هەرێمەوە ئاشکرا بکات، خۆ قابیلە چییان لێی دەکرد؟! تۆ بڵێی لەسەر ئەوە بیانکوشتبایە؟

وەزیری دارایی دەبوو شەقێک لەداهاتی ئەو کۆمپانیایە بدات کە بەهۆی وەزیرییەوە دەستی کەوتوە و لەخاڵی گومرگی باشماخ و پەراوێزخان بەناوی تەعقیمەوە دایناوە و پارەیەکی بەلاش لەشوفێران وەردەگرێت… داهاتی ئەو کۆمپانیایە و چەند وردە شتێکی دیکە کە چاوپۆشی لێدەکرێت لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە لەخۆڕا نییە و بۆ ڕۆژێکی ئاوایانە کە لەدانیشتنی پەرلەمان بێت یا لەدانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران وەک تۆپ هەر جارە و بۆ لایەکی فڕێ بدەن… تۆ بڵێی پارتی و یەکێتی هێندە بێ ئاگا بن لەکارەکانی وەزیرە مۆرەکە؟

وەزیرێک بەدرێژایی ئەو چەند ساڵەی وەزیرە و بەشدارە لەهەموو کۆبونەوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کەچی نەتوانێت هیچ ڕاستییەک بۆ خەڵکی کوردستان ئاشکرا بکات و بگرە خەریکی درۆکردن و پینەکاری بێت بۆ پارتی و یەکێتی بەخوا نەک بۆ ئەوە باشە لەدانیشتنی پەرلەمان ئیهانە بکرێت!. بەڵکو حەقوابوو دوای دانیشتنەکەی پەرلەمان، پۆلیسەکانی پەرلەمان تێر شەقیان بکردبایە ئینجا ڕێگەی ڕۆیشتنیان نیشاندابایە!.

ئاخر تۆ بەحیساب وەزیر بی و ئەو هەموو ئیهانەیەت پێبکرێ و دانیشتنی پەرلەمانیش ڕاستەوخۆ بێت جورئەت نەکەی دوو قسەی حەق بکەی، کەچی وەک ژنێکی تۆراو لەمێردەکەی بێی لەڕێگەی ئەم و ئەوەوە خەریکی پرتە و بۆڵە بی، دەک دەستی پارتی و یەکێتی خۆش بێت کە ئاوات لێ بکەن!.


ئیبراهیم عەلی

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button