لە حەوت پارێزگای عێراق بەهۆی گەرماوە پشوو ڕاگەیەنرا

لڤین:
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە لە حەوت پارێزگای عێراق پشوو ڕاگەیەنرا و بڕیاریشە لە هەفتەی داهاتووەوە کاتژمێرەکانی دەوامکردن لە فەرمانگە حکومییەکاندا کەمبکرێنەوە.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ لە هەریەک لە پارێزگاکانی بەغدا، موسەنا، میسان، کەربەلا، ئەنبار، سەڵاحەدین و موسڵ بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە پشووی فەرمی لە سەرجەم فەرمانگە حکومییەکان ڕاگەیەنرا.
هاوکات حکومەتی عێراق بڕیاریداوە لە ٤ی ٧ی ٢٠٢١ ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوەوە هەتا ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو ٨ی ٧ی ٢٠٢١ کاتژمێرەکانی دەوامکردن کەمبکرێتەوە بۆ کاتژمێر ٠١:٠٠ی دوانیوەڕۆ.
ماوەی چەند ڕۆژێکە شەپۆلێکی گەرما هەرێمی کوردستان و عێراقی گرتووەتەوە و لە هەندێک لە ناوچەکانی عێراق پلەکانی گەرما بۆ سەر و پەنجا پلەی سیلیزیی بەرزبوەتەوە و پێشبینیش دەکرێت ئەم شەپۆلی گەرمایە تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بخایەنێت.