مستەفا کازمی: دوو بەرپرسی باڵای داعشمان لەناوبرد

مستەفا کازمی، کوژرانی دوو بەرپرسی باڵای داعش و چەند چەکدارێکی دیکەی تیرۆرستانی ڕاگەیاند.
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی کوژرانی دوو سەرکردەی داعش و ژمارەیەک چەکداری دیکەی داعش تویتێکی بڵاوکردەوە.
کازمی تویتەکەی بە ھەرسێ زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزیە و نوسیویەتی “تیرۆریست ئەبو حەسەن ئەلغرێباویمان لەناوبرد كە بە فەرماندەی باشووری عێراقی داعش دەناسێنرا، لەگەڵ غانم سەباح كە بەرپرسی گواستنەوەی خۆكوژەكان بوو، هەروەها هەندێ تیرۆریستیتریش”.
لە کۆتاییشدا کازمی نوسیویەتی: “ئەمە بەجێهێنانی بەڵێنی پاڵەوانەكانمانە بۆ كۆتاییهێنان بە سەرانی تاقمی داعش و وەفایە بۆ گیانی شەهیدان”.
تویتەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کاتێکدایە کە ماوەیەکە جموجۆڵەکانی تیرۆرستانی داعش زیادیان کردووە و لەماوەی مانگی ڕابردوودا چەندین پەلاماری خۆکوژییان لە بەغدا و چەند شارێکی دیکەی عێراق ئەنجامداوە.