ئەمڕۆ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەى عێراق گەیشتە تاران
وەزیری دەرەوەى عێراق گەیشتە تاران

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەى عێراق، گەیشتە تاران و بڕیارە چەند پرسێکی هاوبەش لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا تاوتوێ بکات.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەى عێراق گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران.
پێشتر ئاژانسی میهری ئێرانی رایگەیاند بوو کە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ شاندێكی باڵای عێراق سەردانی تاران دەكات و گفتوگۆ لەبارەی چەند پرسێكی سیاسی و ئاسایش و بازرگانی نێوانیان دەكەن و لەگەڵ محەمەد جواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران یەكەم كۆبونەوە ئەنجامدەدەن، هەروەها لەگەڵ حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران و چەند بەرپرسێکی دیکە كۆدەبێتەوە.
پێشتر لە مانگی ٩ی ساڵی ڕابردوودا، فوئاد حسێن سەردانی ئێرانی کرد و سەردانەکەی ئێستاشی لەکاتێکدایە کە چەند مانگێک ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراقدا و لە ئێستاشدا گۆڕانکاریی ئەمنی و سیاسیی زۆر لە عێراق ڕوو دەدەن، بە تایبەت زیادبوونی جموجۆڵەکانی چەکدارانی داعش و پێکدادانەکانی لەگەڵ حەشدی شەعبی و هێشتا مەترسیی هێرش بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراقدا هەیە.