شارەوانی سلێمانی: چاڤی لاندمان ئاگادارکرد زەوی بەبێ مۆڵەت بۆپاركی ئۆتۆمبیل بەکارنەهێنن

لڤین:
شارەوانی سلێمانی رەتیدەکاتەوە ئەوان ئاستەنگیان بۆ فرۆشتنی بەنزین لەلایەن سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دروست کردبێت و دەڵێت کاری ئێمە نیە ئەو رێگریە بکەین.
سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت: بەشی لابردنی سەرپێچی وزیادەڕۆیی شارەوانی سلێمانی بەئەركی خۆی دەزانیت موڵكی گشتی و موڵكی ھاوڵاتیان بپارێزیت، پاش بەكارھینانی زەوی ھاوڵاتیان بۆپاركی ئۆتۆمبیل لەنزیك چاڤی لاند بەشی لابردنی سەرپێچی وزیادەڕۆیی ئاگاداری ستافی چاڤی لاند یان كرد كەرێگە پێدراونیە زەوی بەبێ مۆڵەت بەكاربێنیت بۆپاركی ئۆتۆمبیل.
شارەوانی سلێمانی روونیکردووەتەوە “تیمەكانمان پاش ئاگادركردنەوەكە ھەستان بە دروسكردنی ساتر بۆ ئەو زەوییانە كەبەبێ ئاگادری خاوەنەكانیان كراوە بەپاركی ئۆتۆمبیل”.
ئاماژەی بەوەشکردووە کە” كەنالی Nrt دورلەراستی بابەتەكە وای پیشاندا كەرێگری لەفرۆشتنی بەنزین دەكرێت، كاری فرۆشتنی بەنزین ھیچ پەیوەندی بە شارەوانی سلێمانی وبەشی لابردنی سەرپێچی وزیادەرەوی وەنیە”.
ئەو زەویانەی شارەوانی لە سنوری پڕۆژەی چاڤیلاند جیای کردنەوە لە کاتێکدابوو بە وتەی بەرپرسانی شارەوانی وەک پارکی ئۆتۆمبێل بۆ چاڤیلاند بەکار هاتووە و ئەمڕۆش چەند شۆفڵێک کاریان تێدا کردووە و تەختیان کردووە.
ئەو شوێنەش نزیکە لە شوێنی فرۆشتنی بەنزین بە نرخی 500 دینار بۆ هەر لیترێک لەلایەن سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێوە.