کێ وەڵامی ئەم مەتەڵە دەداتەوە ؟

لەناوەڕاستی ساڵی( 2014 )کەلەنێوهۆڵی پەرلەمانەوە دەنگ ومتمانەدرا بەکابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ،و بەپێی ئەوداتایەی کە لەکۆتایی هەمان ساڵدا لەلایەن وەزارەتی دارایی وئابورییەوە نێردرابوو بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ژمارەی فەرمانبەروموچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نزیک ببوەوە لە (یەک ملیۆن و 500) سەدهەزار ، یاخود دەقیقتر بیڵێین ژمارەکە بریتی بوو لە ( یەک ملیۆن و480 ) هەزار، و مانگانەش بۆپێدانی موچەی تەواوەتی ئەو ژمارەموچەخۆروفەرمانبەرە حکومەت پێویستی بە (830) ملیارد دیناربوو .
لەساڵی (2014)یشەوە بەبیانوی قەیرانی دارایی وبڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە پڕۆسەی دامەزراندن تائێستاشی لەگەڵدابێت بەفەرمی وەستێنراوە .
لەساڵی (2017)دا دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی سیستمی بایۆمەتری بۆفەرمانبەران وموچەخۆران ، ژمارەی فەرمانبەرو موچەخۆران ڕێژەکەی دابەزی وکەمیکرد بۆ( یەک ملیۆن و249)هەزارفەرمانبەروموچەخۆر .
واتا ژمارەی موچەخۆر بەنزیکەیی (200)هەزار کەمیکرد .
بەپێی دواین لێدوانی بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێمیش لەساڵی (2014 بۆ 2021) ژمارەی ئەوفەرمانبەرانەی خانەنشین بوون ( 40)هەزار فەرمانبەربوون واتا ساڵانە (5)هەزارفەرمانبەر لەهەرێمدا بەهۆی هەڵکشانی تەمەنیان خانەنشین دەبن ، بەداتای وەزارەتی پلاندانانیش لەماوەی پێنج ساڵدا زیاتر لە (4)هەزار فەرمانبەر بەتەواوی کۆتایی بەڕاژەی کارکردنیان هێناوە لەکەرتی گشتیدا ، کەبەدڵنیاییەوە ڕێژەکە زۆرلەوە زیاترەو هەزاران فەرمانبەریش هەرێمی کوردستانیان جێهێشتوە،و بەهەردەردی سەرییەک بێت ڕوویان لەهەندەران کردوە .
وەزارەتی دارایی وئابوریش بەفەرمانی وەزاری ژمارە ( 1)لە ( 4-1-2021 )دا موچەوخانەنشینی ( 10609)دەهەزاروشەش سەدونۆکەسی ڕاگرت کەلەسیستمی بایۆمەتری دووجار یان زیاتر ناویان هاتوە.
وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش لەسەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی (2020) ڕایگەیاند کەبەهۆی سیستمی بایۆمەتری حکومەت موچەی زیاتر لە (16)هەزارموچەخۆری ڕاگرتوە .
مەتەڵە بێ وەڵامەکە لێرەدایە ، باشە بۆچی کەژمارەی موچەخۆروفەرمانبەران نزیکەی یەک ملیۆن ونیو بوو ، حکومەت بۆموچەی مانگانەبێ لێبڕین وپاشەکەوت پێویستی بە (830)ملیارد دیناربوو ؟
ئەی لەکوێی دنیا هەیەوهەبوە لەئێستادا بۆ پێدانی موچەی مانگانەبەبێ لێبڕین بە (یەک ملیۆن و 251هەزارو 451)موچەخۆر پێویستت بە ( 895)ملیارد دینارهەبێت ؟
ئێ ئەمەجگەلە مەتەڵێکی نەزانراو چ ناوێکی تری لێدەنرێت کە دەیان هەزار ژمارەی موچەخۆرت کەمی کردبێت بە(بایۆمەتری ، کۆتایی هاتنی ڕاژەیان ،و جێهێشتنی وڵات)و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیشت چەندساڵێکە ڕاگرتبێت کەچی مانگانە ڕێژەی ئەو پارەیەی پێویستە بۆموچەخۆرۆفەرمانبەران ( 65)ملیارد دینار زیاد بکات .
ئەمە ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرمان بۆدەسەلمێنێت ، کەهەموو ئەو داتاو ژمارانەی کەڕۆژانە دەوترێن وبەرگوێمان دەکەوێت هەرلەژمارەی موچەخۆروفەرمانبەر تادەگاتە بڕی خەرجی وداهات ،و ڕێژەی بێکاری وهەژاری و……..هتدهیچیان ژمارەی ڕاستەقینە نین ،بەڵکو بەشێوەی گریمانەیی دەوترێن کەئەمەش گومانی زۆرو نیشانەی پرسیاری گەورە لەزیهنی هەمواندا دروست دەکات .
تەنانەت لەژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستاندا بەپێی داتاوئامارەکانی دامەزراوە تایبەتمەندەکانی حکومەتی هەرێم وحکومەتی ناوەند جیاوازییەکی ئاسمان وڕێسمانی هەیە ،کەزیاترە لە (720) هەزارکەس .
بۆیە ئەمەجگە لەوەی مەتەڵێکی قورسە، ناشزانرێت وەڵامەکەی لەکوێیە،و لای کێیە ؟و بێ وەڵام ماوەتەوە.

عەبدولرەحمان عەلی

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button