پشیلەکەی عێراق و گەرماکەی کەنەدا

ئەو گەرمایەی ئەمڕۆ کارێکی بەخەڵک کرد، هیچ پینەچییەک بە چەرمی نەکردوە. ئەوەی فێنکایی دروستبکات، لە باوەشێنەوە تا سپلیت، لە بازاڕەکانی ڤانکوڤەردا نەما. جگە لە فرێزەری سەلاجەکەی ماڵەوە، دەرگای هەر شوێنێکی فێنکت بکردایەوە، چواری تێترنجابو. بەهۆی سەخڵەتبونەوە، زیاتر لە حەوت هەزار تەلەفۆن بۆ ئیسعاف کراوە. خەڵکە سپی پێست و ناسکەڵەکە، پێیان سەیربو بۆچی خەڵکە بۆرەکەی لەشێوەی عێراق، وەک ئەوان پەرێشان نین.
جا کە ئەو خەڵکەم ئەبینی ئەتوت مێشن و مقەبایان پیاکێشاون، بیری نوکتەیەکی جیلی ئاڵتونیم کەوتەوە: لەپێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیدا کە بۆ پشیلە سازکرابو، پشیلەیەکی عێراقی یەکەم دەبێت، کەس لەم مەتەڵە سەردەرنابات، ئەڵێن کاکە تۆ چۆن لەناو ئەو هەموو نەهامەتیەوە هاتویت و توانیت یەکەم بیت؟ پیشلەکە دەڵێت، راستیەکەتان پێئەڵێم؛ بەس توخوا خەڵاتەکەم لێمەستێننەوە. گفتی دەدەنێ کە شتی وای لەگەڵ ناکەن. پیشەلەش دەڵێت: وەڵاهی لەراستیدا من پڵنگم، بەڵام بەهۆی حەساری ئابوری و برسیەتیەوە وەک قوماشی کودەریی تێچوم و بوم بەپشیلە.
پێشتر بۆ هەندێک هاوڕێی کەنەدیم باسدەکرد کە ئێمە لەعێراق لەماوەی 12 مانگدا، لانیکەم جەستەمان بەر 60 پلە گۆڕانکاریی کەشوهەوا دەکەوێت، باوەڕیان نەدەکرد. واتە زستان لە 15ی ژێر سفرەوە دەگۆڕێت بۆ سەرو 45 پلەی گەرمیی لەهاویندا. ئێ ئەم جیاوازیی گەرمیی و کشان و چونەوەیەکە، بەسەر شێلمان و کۆنکرێتیشدا بێت، وەک ئێمە تەحەمولی ناکات. رەنگە هۆکارێکی سەرەکی عەساب گەرمیی و زو هەڵچونمان، هەر ئەمەش بێت.
بەڵام لەمێژوی کەنەدادا یەکجار پلەی گەرما گەیشتوەتە 45، ئەویش لەساڵی 1937 لەهەرێمی ساسکاچوان بوە، ئەمڕۆش پاش 84 ساڵ، پلەی گەرما لەهەرێمی بریتش کۆڵۆمبیا گەیشتە 47.5. دەبێت ئەوەش بڵێم، بەهۆی پاکی ئاسمان و بەرزیی رادەی شێ، ئەو 47ە تامی 57ی لای خۆمانی ئەدا، بەڵام هێشتا خەڵکی عێراق و هاوشێوەکانیان، چونکە لەمنداڵییەوە وەک چوپی تایە، ئەوەندە کشاون و چونەتەوە یەک، بەوجۆرە تەنگەتاو نەبوبون، تەنانەت کابرایەکی ئەفغانی بەو قرچەیەی نیوەڕۆییە چیمەنی دراوسێیەکمانی دەبڕی.
ئینسان کاتێک لەروی هەڵکەوتەی جوگرافیشەوە لەم زەوییە رادەمێنێت، تێدەگات کە تەنانەت سروشتیش لەگەڵ خەڵکی ئێمەدا میهرەبان نیە، بەشە هەرە وشک و تەپوتۆزاییەکەی بەر ئێمە کەوتوە. بەڵام ئەمەش لایەنێکی ئیجابی خۆی هەیە، هەر کەسێک ماوەی 10 ساڵێک لە وڵاتێکی وەک عێراقدا ژیان بکات، وەک دەرچویەکی کولییەی سەربازیی، ئامادەیە لە زۆنگاوەکانی وەک ئامازۆنیش بمێنێتەوە، لەشێوەدا وەک پشیلە دەنوێنێت، بەڵام دەتوانێت بە تامی پڵنگێک رابکات.

هاوکار حسێن

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button