یەکێتی ئەوروپا لە بارەی سزادراوانی بادینانەوە ڕاگەیەنراوێکی دیکەی بڵاو کردەوە

لڤین:

یەکێتی ئەوروپا لە بارەی پەسەندکردنی سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر پێنج ڕۆژنامەنوس و چالاکوانەکەی بادینان ڕاگەیەنراوێکی دیکەی بڵاو کردەوە و نیگەرانی خۆی لە بڕیاری کۆتایی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر دەردەبڕێت. 

نێردەی تایبەتی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق ئەمڕۆ ڕاگەیەنراوێکی سەبارەت بە بڕیاری کۆتایی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر لە بارەی سزادراوانی بادینان بڵاوکردەوە و تێیدا نێردەی یەکێتی ئەوروپا و نێردەی دیبلۆماتکارانی وڵاتانی یەکیتی ئەوروپا لە عێراق جەخت لە ڕاگەیەنراوی پێشوو (10ی ئایاری 2021) بە هاوبەشی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەنەوە کە “نیگەرانی قوڵمان نیشاندا لەبارەی سزادانی پێنج چالاکوان و ڕۆژنامەنوس، چونکە دادگایکردنەکە دادپەروەرانە نەبووە”.

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە “نیگەرانییەکان چەند شتێک دەگرێتەوە کە بریتین لە دەنگۆکانی ئەشکەنجەدان، دەستڕانەگەیشتنی تیمی بەرگریکار بە دۆسیەی زیندانیان و هەروەها فشاری سیاسی لە کەیسەکەدا.”

نێردەی یەکێتی ئەوروپا و نێردەی دیبلۆماتکارانی وڵاتانی یەکیتی ئەوروپا لە عێراق داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن، ڕاسپاردەکانی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەند وەربگرن بەتایبەتی “ئەوانەی پەیوەندییان بە هەراسانکردن، ترساندن و تۆڵەکردنەوە هەیە بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانان هەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی یاسای تاوان وەک ئامرازێک بەکارنەهێنرێت بۆ سنوردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین”.

نێردەی تایبەتی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق لە ڕاگەیەنراوەکەدا جەختی کردووەتەوە کە یەکێتی ئەوروپا هیوادارە ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی میدیایی و هەروەها سەربەخۆیی دادوەری و دادگاکان بپارێزرێت کە کۆڵەکەی دیموکراسین.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button