رێکخراوی جاسەنە داوای ئازادکردنی سزادوانی بادینان لە سەرۆکی هەرێم دەکات

لڤین:
ڕێکخراوى جاسەنە بۆ ئازادى و بیروڕا و میدیا لەبارەى بڕیارەکەى دادگاى پێداچوونەوەى هەرێم دەرهەق بە دەستگیرکراوانى بادینان راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە وبە حوکمێکی ناڕەوای دەزانێت.
لە راگەیەندراوێکدا کە ڕێکخراوى جاسەنە بۆ ئازادى و بیروڕا و میدیا ئاراستەى ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان و باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەى وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانى بوارى مافەکانى مرۆڤى کردووە دەڵێت “دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان، بەبێ گوێدانە پرەنسیپەكانی ئازادی و مافەكانی مرۆڤ، هەنگاوە ستەمكارییەكانیان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان و چالاکوانان زیاتر و زیاتر دەبێت”.
رێکخراوەکە داوا لە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەکات دەسەڵاتی خۆی بەكاربهێنێت و “وەفاداربێت بەرامبەر لێدوانەکانی پێشووی خۆی لەسەر ئەم کەیسە و بڕیاری لێبوردنی تایبەت بۆ حوكمدراوەکانی بادینان دەربکات”.
دەقى راگەیەندراوەکە:
بەیاننامەی رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا دەربارەی سەپاندنی شەش ساڵ زیندانی بەسەر گیراوەکانی بادینان..
بۆ:
– رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان
– باڵوێزخانەو قونسڵخانەی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی
کوردستان
– رێكخراوەكانی نێودەوڵەتیەكانی بواری مافەكانی
مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین
– رێكخراوە جەماوەریو ناحكومیەكان و میدیاییەكان
بابەت..
راگەیەنراوی ناڕەزایی دەربڕین
ئەگەرچی، سەرجەم جاڕنامە و رێكەوتننامە جیهانی و نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیەكان و دەستووری عیراق و
یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان، بە ماددە و بڕگەی تایبەت جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە
هەموو كەسێك مافی پەیڕەوكردنی ئازادی رادەربڕن و گوزارشتكردنی هەیە.
سەرباری ئەمانەش، بەردەوام ڕاپۆرتی ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و ئازادی
رادەربڕین، جەخت لەسەر چاککردن و کەمکردنەوەی پێشێلكارییە یاساییەكانی دژ بە ڕۆژنامەنوسان و
ئازایخوازان دەكەنەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان، بەبێ گوێدانە پرەنسیپەكانی ئازدای و
مافەكانی مرۆڤ، هەنگاوە ستەمكارییەكانیان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان و چالاکوانان زیاتر و زیاتر دەبێت و
ئەویش بە دەستگیركردنو لە زیندان توندكردن و سەپاندنی حوكمی ناڕەوا بەسەریاندا کە دوورە لە هەموو
یاسا و رێسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان.
ئازادیخوازان، بەرگریكارانی مافەكانی مرۆڤ سەرئەنجام دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان، بەبێ
گوێدانی فشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان، لەڕێی دادگاكانەوە، حوكمدانی ناداپەوەرانە و ستەمكارانەی
خۆیان بەسەر بەندكراوانی ئازادیخوازی بادیناندا دووپاتکردەوە. ئەمەش گومانەكانی لەسەر نا
دیموكراسیەت و هەوڵەكانی سنورداركردنی ئازادی ڕادەربرین لە هەرێم تۆختركردووە.
هەر بۆیە، ئەم هەنگاوەی دادگاكانی هەرێمی كوردستان، بە ئامانجێكی سیاسی و هەوڵێكی دیكەیە بۆ خنكاندنی ئازادیو بەرتەسککردنەوەی ئەو پەراوێزە دیموکراسییەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، لەم راونگەیەوە داوا لە
نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین دەكەین، لەبەرامبەر ئەم
بڕیارە ستەمكارانە و نادادپەروەرانەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەرهەق بە ئازادیخوازان بێدەنگ
نەبن و فشاری لێبڕاوانە بكەن بۆ ئازادكردنی حوكمدراوانی بادینان.
هەر وەك داوا لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە دەسەڵاتی خۆی بەكاربهێنێت وەفاداربێت بەرامبەر لێدوانەکانی پێشووی خۆی لەسەر ئەم کەیسە و بڕیاری لێبوردنی تایبەت بۆ حوكمدراوەکانی بادینان دەربکات، تاوەكو چیتر ناوناوبانگی هەرێمی كوردستان لەرووی پێشێلكاری و دیموكراسیو پرەنسیپەكانی ئازادی مافی مرۆڤ لەكەدارتر نەبێت.
لە روانگەی هەستکردن بەرپرسیارێتیی و کاری پیشەیی رێکخراوەیمانەوە دەمانەوێت رای گشتی خەڵکی
کوردستان و هەموو لایەک ئاگاداربکەینەوە کە کۆی دۆسیەی گیراوەکانی بادینان و ئەو مامەڵەیەی دەسەڵاتی
سیاسی و دادگاکان لەگەڵ ئەم کەیسەدا کردیان و سەرنجامی کۆی دۆسیەکە:
– شكۆی دادگاكانو سەرورەیی یاسای لە هەرێمی كوردستان خستەژێر پرسیاری گەورەوە.
– هەروەها کۆی دۆسیەکە بووە مایەی بێ بەها كردنی ئەو یاسایانەی كە لە هەرێم بەركارن و تاڕادەیەك
ئازدای رادەربڕین و رۆژنامەوانیان فەراهەم كردووە.
رێكخراوی جاسەنە
28-6-2021