بەتۆمەتی دزی دوو کەس دەستگیرکرا

لڤین:

پۆلیسی هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە،”بەشی پۆلیسی دەشتی هەولێر، بنكەی پۆلیسی قوشتەپە، كاتژمێر ( ٤ و نیوی بەرەبەیان)، لە كۆگایەكی كەلوپەلی كارەبایی لە (عەلیاوە مەردان)، دوو تۆمەتباریان بە ناوەكانی (ی. ع. ع) و (ج. م. م) بە تۆمەتی دزیكردن لەو كۆگایە دەستگیر كرد.”

ئاماژەی بەوەیش داوە کە،” تۆمەتبارانی ئاماژەپێكراو، كە یەكێكیان هەوڵی راكردنی دابوو و لەلایەن كەسێك كە لەگەڵ خاوەنی كۆگاكە بووە، تەقەی لێ كراوە و دەستی زامدار بووە، لە ئێستادا لە نەخۆشخانەیە و لە ژێر چاودێریی پزیشك و پۆلیسدایە.”

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،” لە كاتی دەستگیركردنیشیاندا، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێك لە جۆری (كیا – بارهەڵگر) و چەكێكی جۆری كلاشنكوف و مقەسێکی بڕینی كێبڵ و بڕێك كێبڵدا گیرا.”

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،” هەردوو تۆمەتبار، پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ رێكخرا و رێكاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button