شێخ نەهرۆ كەسنەزانی: پێویستە وڵاتانی عەرەبی دژی بیرۆکەی تەکفیری بوەستنەوە

لڤین:
سەرۆكی تەریقەتی كەسنەزانی ڕایگەیاند، پێویستە کاری هاوبەشی نێوان وڵاتانی عەرەبی كارێكی تەواوكەربێت لەرووی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتیەوە و دژی بیرۆكەی تەكفیر بوەستنەوە.
شێخ نەهرۆ محەمەد كەسنەزانی، سەرۆكی تەریقەتی كەسنەزانی لەجیهاندا بەستنی كۆنگرە سێ قۆڵیەكەی لەبەغداد بەرزدەنرخێنێت ڕایگەیاند، ئێمە بەناوی مەرجەعیەتی تەسەوف بەسەرۆكایەتی تەریقەتی كەسنەزانی لەجیهاندا بەخێرهاتنی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی كۆماری میسری عەرەبی و عەبدواللەی دوەم پادشای شانشینی ئوردن بۆ عێراق دەكەین.
دوینێ کۆبونەوەی لوتکەی نێوان هەریەکە لە سەرۆکانی عێراق ئوردن و میسر لە شاری بەغداد ئەنجامدرا و تیایدا چەند رێککەوتنێک ئەنجامدرا.
لەبارەی ئەو ئەو کۆبونەوەیە سەرۆکی تەریقەتی کەسنەزانی وتی: لوتكە سێ قۆڵیەكەی بەغداد هەڵگری خواستی رۆڵەكانی گەلانی ناوچەكەیە و ڕەنگە ببێت بە بارانی رەحمەت و بەسەر بەغدادی خۆشەویستی و هەموو ناوچەكانی عەرەب.
ئەو پێی باشە، كاری هاوبەشی نێوان وڵاتە عەرەبیەكان بەتایبەتی لە نێوان عێراق و میسر و ئوردن بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵنگاریەكان كارێكی تەواوكەربێت لەرووی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتیەوە و پێویستیشە بەهەر هەموومانەوە دژایەتی بیرۆكەی تەكفیر بكەین كە ژەهری لەنێو گەدە بۆگەنەكەیدا هەڵگرتووە.