لەژێر فشاری هاوڵاتیاندا فەرمانگەی دادنووسی چەمچەماڵ و شۆڕش دادەخرێن

لڤین:
دوای ئەنجامدانی گردبوونەوەی ناڕەزایی و لەژێر فشاری ژمارەیەک لە هاوڵاتیان و چالاکوانانی سنورەکە فەرمانگەی دادنووسی چەمچەماڵ و شۆڕش لە سبەینێوە دادەخرێن.
هاوڵاتیان و چالاکانی مەدەنی چەمچەماڵ گردبونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامداو داوایان کرد هەردوو فەرمانگەی دادنوسی قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش دابخرێن تا ئەوکاتەی نرخی عەریزەکانیان هەرزان دەکەن.
دژی گرانی نرخی عەریزە، ئەمڕۆ ژمارەیەک لە هاوڵاتیان و چالاکانی مەدەنی چەمچەماڵ لەبەردەم دادنووسی شارەکەیان گردبونەوەیەکی نارەزایەتییان ئەنجامدا و داوایان کرد نرخی نوسینی عریزە گران نەکرێت و وەک خۆی بمێنێتەوە.
بەشداربووانی گردبونەوەکە داوایان کرد نرخی عەریزە وەک پێشتربمێنێتەوە کە بریتی بوو لە دوو هەزار دینار و ئێستا بۆ هەر مامەڵەیەکی ئەلیکترۆنی لە هەردوو فەرمانگەی دادنووسی چەمچەماڵ و شۆڕش بڕی ٢٠ بۆ ٣٥ هەزار دینار وەردەگر، ئاماژەئیان بۆ ئەوەش کرد کە ناکرێت لەم بارودۆخە ئابورییە سەختەدا باجی زیاتر لەسەر سەرشانی هاوڵاتی دابنرێت بە تایبەت کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوانی سنورەکە.
بەشداربووانی گردبونەوەکە ئەوەشیان خستەڕوو کە لە ناحیەی قەرەهەنجیر کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندییە، نرخی هەر عەریزەیەک دوو هەزار دینارە و تەنها چەند کیلۆمەترێکی کەم لێیانەوە دورە بۆیە ناکرێت ئەوان ئەو بڕ پارە زۆرە بدەن.
دوای کۆبووەنەوەی نوێنەری خۆپیشاندەران و بەرپرسانی فەرمانگەی دادنوسی چەمچەماڵ، نەگەیشتنە ڕێککەوتن، بەڵام بڕیار درا لە سبەینێ چوارشەممەوە هەردوو فەرمانگەی دادنوسی چەمچەماڵ و شۆڕش دابخرێن تا ئەوکاتەی کێشەکە یەکلادەکرێتەوە.