پەرلەمانتارێک لەبارەی سزادراوانی بادینان نامەیەک بۆ نێچیرڤان بارزانی دەنێرێت

لڤین:

پەرلەمانتارێک نامەیەک لە بارەی سزادراوانی بادینان ئاراستەی سەرۆکی هەریم دەکات و تیایدا دەڵێت بەپێی یاسا دەرکردنی لێبوردنی تایبەت لە دەسەڵاتی ئێوەیە بۆ لێبوردنی تایبەتیان بۆ دەربکە.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە نامەیەکدا کە ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کردووە، ئاماژەی بە پەسەندکردنی سزای دەستگیرکراوانی بادینان دەکات لەلایەن دادگای پێداچونەوە و دەڵێت: دەمەوێت نامەیەکی ڕاشکاوانەت بەکراوەیی بۆ بنێرم.

ئەو پەرلەمانتارە وتویەتی: من وەک شاھیدێک لە تەواوی دادگاییکردنەکە ئامادەبوم، گوێبیستی وردەکاری تۆمەتەکان و وتەی تۆمەتبار و نوێنەری داواکاری گشتی و نوێنەری ئەنجومەنی ئاسایش و دادوەر بووم..  چاوەڕێم داوا بکەن و وردەکاری ئەم چیرۆکانەی دادگاتان بۆ بنێرم.

ئاماژەی بەوەکردووە کە لە دەرەوەی ڕق و حزبایەتییەوە چی ڕاستی بێت ئەوە دەڵێت و روونیشی دەکاتەوە: بە دڵنیایی ھیچ بەڵگەیەک نەبوو بیسەلمێنت ئەمانە بەشێکن لە گروپێکی سیخوڕی یان گروپی چەکداریان ھەبێت.

عەلی حەمەساڵح دەشڵێت: بە گروپی چەکدارو سیخوڕی تۆمەتبار کرابون،هیچ چەکێک نەگیراوە، ئیدی گروپی چەکداری چی، تۆمەتبار کرابون بە سیخوڕی بۆ ئەمریکی ئەڵمانیەکان، لە پەسەندکردنی یەکەمی دادگای پێداچونەوە ھاتبوو، من لە تەواوی دادگادا ئامادەبوم ھیچ کەسێکیان دانیان بەوەدا نەناوە کە سیخوڕیان بۆ ھیچ لایەنێک کردووە.

بەبیری هێناوەتەوە بەھۆی فشاری نوێنەرایەتی وڵاتان لە پەسەندکردنی کۆتایی دادگای پێداچونەوە تۆمەتی سیخوڕی بۆ وڵاتان لابراوە و دەشڵێت “بیستبوم.. لە چەندین کۆبونەوە نیگەرانیت پیشاندابوو بەم حکومدانە… ئێستا کاتی بڕیارو ھەڵوێستی ئێوەیە”.

لە نامەکەیدا بۆ سەرۆکی هەرێم ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاندووە: ھەموو ئەو مەرجانەی دەبێ بۆ لێبوردنی تایبەت دەربکرێت لەم دۆسیەدا ھەیە، پێشتر لێبوردنی تایبەت بۆ چەندین تاوانبار دەرکراوە، ئەگەر ئەم دەسەڵاتە یاسایە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم ھەڵەیە بەکارنەیەت و ئەم زوڵمە لەسەر ئەم قوربانیانە لا نەدات، ئیدی بۆچی باشە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button