قوباد تاڵەبانی: چاوەڕێین حکومەتی عێراق بڕیاری ناردنی شایستە داراییەکان جێبەجێ بکات

لڤین:
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، چاوەڕێن حكومەتی عێراق بڕیارەكەی بۆ ڕەوانەكردنی شایستە داراییەكانی ھەرێم جێبەجێ بكات.
قوباد تاڵەبانی، ئەمڕۆ یەکشەممە لەگەڵ قایمقام و بەڕێوبەری فەرمانگەكان و بەڕێوەبەری ناحیەكانی قەزای كۆیە كۆبوەوە و ڕایگەیاند، لە کۆبونەوەکەدا لەبارەی دواپەرەسەندنەكانی دۆسییەی شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی یاسای بودجەی فیدراڵی قسەی كرد.
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم باسی لەوەکرد، حكومەتی ھەرێم پابەندە بە ناوەڕۆك و دەقەكانی یاساكە و چاوەڕێن حكومەتی عێراقیش بڕیارەكەی بۆ ڕەوانەكردنی شایستە داراییەكانی ھەرێم جێبەجێ بكات.
ئەو تایبەت بە دۆخی ئیداری قەزاکە ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە نمونەیەكی جوانی حوكمڕانی پێشكەش بكەن و خزمەتكردنی هاوڵاتیان بكەن بە ئەولەوییەتی كاری خۆیان.