دادگای تێهەڵچونەوەی هەرێم سزای پێنج چالاکوانەکەی بادینانی پەسەند کرد

لڤین:

دادگای تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان، بڕیاری جێبەجێکردنی شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ پێنج کەس لە گیراوانی بادینان پەسەندکردو دەرفەتی پێداچوونەوە بە سزاکە کۆتایی هات.

سەرچاوەیەک لە کەسوکاری سزادراوانی بادینان بە (لڤین)ی راگەیاند: دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان سزای شەش ساڵ زینداکردنی چالاکوانانی بادینانی پەسەندکرد و بەوەس دەرفەتی پێداچونەوە و گۆڕینی سزاکانیان داخرا.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە نزیکەی 50 چالاکوانی دیکەی بادینان لە زینداندان و چاوەڕوانی دادگایی کردن دەکەن، بڕیاریشە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستەی پارێزەرانی چالاکوانە سزادراوەکان لە گۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وردەکاری بڕیارەکە رابگەیەنن.

لە رۆژی 10ی شوباتی ئەمساڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ئەوانە رۆژنامەوان بەبوون بەڵکو سیخوڕ بوون و کاریان بۆ وڵاتانی دیکە کردووە و هەوڵی کاری گێرە شێوێنیان داو.

دوای ئەوەش لە رۆژی 15ی شوبات دادگای تاوانی هەولێر بڕیاریدا هەریەکە لە شێروان شێروانی و گوهدار زێباری و شڤان سەعید و هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەم بە شەش ساڵ زیندانی کردن سزا بدرێن.

لە بڕیارەکەی دادگادا ئاماژە بەوەکرابوو کە ئەو کەسانە پەیوەندیان بە کونسوڵخانەکانی ئەڵمانیا و ئەمریکاوە هەبووە، دواتریش بڕیارەکە پێداچونەوەی بۆکرا و سزاکە جارێکی دیکە پەسەند کرا، ئەمڕۆش دەستەی گشتی دادگای پێداچونەوە وەک کۆتا قۆناغ سزاکەی پەسەند کرد.

لە ئێستادا تەنها دەرفەتی ئازادکردنی ئەو چالاکوانەن کە مابێت لێبوردنی تایبەتە لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە کە پێشتر پشتیوانی خۆی بۆ ئەو سزادراوانە راگەیاندبوو.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button