دژە تیرۆری کوردستان وێنەی درۆنە هێرشبەرەکانی بڵاوکردەوە

لڤین:
دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، لە هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا بۆسەر هەولێر، سێ درۆن بەر خانووی هاونیشتمانییەک لە نزیک گوندی براغ لە پارێزگای هەولێر دەکەوێت و درۆنێکیش لە چۆڵەوانییەکی چیای تارین دەکەوێتە خوارەوە.
پەڕەی دژە تیرۆری کوردستان کە زمانحاڵی دژەتیرۆر (هەولێر)ە دەڵێت: بەرەبەیانی ئەمڕۆ 26ی حوزەیرانی 2021 کاتژمێر 1:50، سێ درۆن لە رێگەی خۆپێداکێشان خۆیان بە خانووی هاونیشتمانییەک لە باخچەکانی سەر رێی سێولە لە گوندی براغ نزیك کۆمەڵگەی مەلا ئۆمەر لە پارێزگای هەولێر دەدەن.
ئەوەسی روونکردووەتەوە کە دوو لەو درۆنانە دەتەقنەوە یەکێکیان ناتەقێتەوە، خۆشبەختانە وێرای زیانی ماڵی هیچ زیانێکی گیانی لێ ناکەوێتەوە.
ئەوەسی ئاشکراکردووە “هاوکات درۆنێکیش لە چۆڵەوانییەکی چیای تارین دەکەوێتە خوارەوە. دروشمی “السلام علیک یا جمال العراق، بسم لله قاسم الجبارین، یا صاحب الزمان، یا زهراء” لەسەر باڵی درۆنەکان نووسراوە”.
هەرچەندە هێزە ئەمنیەکان تا ئێستا زانیاریان لەبارەی ئەو هێرشە بڵاو نەکردووەتەوە بەڵام پەڕەی دژە تیرۆر دەڵێت “لێکۆڵینەوەکان لەو بارەوە بەردەوامە و دەرئەنجامەکانی بۆ هەموو لایەک ئاشکرا دەکەین”.