یانەی سیروانی نوێ: گومانمان لە کچە یاریزانەکانمان نیە

لڤین:

پاش ئەوەی ڕۆژی ( پێنج شەممە، ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢١ ) بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی-‌‌ ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ڕایگەیاندبوو،” پاش تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەلایەن چەند کچە یاریزانێکەوە لەسەر تۆمەتبارێک و دوای لێکۆڵینەوەی ورد و کۆکردنەوەی زانیاری پێویست و وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر ، هێزەکانی سەربەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی توانییان تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن”.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ماڵپەڕەکان ناسنامەی تۆمەتبارەکە بڵاوکرایەوە کە دەوترا ڕاهێنەری یانەی سیروانی نوێیە، بۆیە ئەو یانەیە لە ڕوونکردنەوەیەکدا هۆشداری دەداتە گشت ماڵپەڕ و پەیچەکان، ڕایگەیاندووە،” ھەر بابەتێک لەسەر کچانی یانەکەمان بەبێ بونی بەڵگە بڵاوبکەنەوە، رووبەرووی یاسایان دەکەینەوە، لێرەوە رایدەگەیەنین گومانمان لە کچە یاریزانەکانمان نیە.”

 

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

یانەی سیروانی نوێ ھەموو ئەو سایت و پەیج و ئەکاونتانە ئاگاداردەکاتەوە، ھەر بابەتێک لەسەر کچانی یانەکەمان بەبێ بونی بەڵگە بڵاوبکەنەوە، رووبەرووی یاسایان دەکەینەوە، لێرەوە رایدەگەیەنین گومانمان لە کچە یاریزانەکانمان نیە.

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، بەرێزان داواکاری گشتی و بەرێوەبەرایەتی گشتی وەرزش لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامە، ھەر کەسێک تاوانبار بێت سزای خۆی وەردەگرێت، لەکاتی نەبونی بەڵگەو بێ تاوانیدا دەبێت بە فەرمی داوای لێبوردن لە یانەی سیروانی نوێ بکرێت، ھەروەھا یانەکە مافی ئەوەی ھەیە داوای قەرەبوی ماددی و مەعنەوی بکات.

تێبینی: تیپی گۆرەپان و مەیدانی کچانی یانەکەمان لە ١٢ یاریزان پێکدێت

یانەی سیروانی نوێ

٢٥ / ٦ / ٢٠٢١

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button