فراكسیۆنی یەكێتی یاداشتێکی ناڕەزایی ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد

لڤین:

فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی کوردستان یاداشتێکی توندی ناڕەزایی ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد.

یاداشتەکە سەبارەت بە نوسراوێکی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانە کە لە ٢٢ی ئەم مانگەدا ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە، لە یاداشتەکەدا جگەلەوەی داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی کردووە تێیدا هاتووە: کە “ئەم نوسراوە جگە لەوەی ھیچ پاڵپشتیەكی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانی نیە، لە ھەمانکاتدا بە لێدان و کەمکردنەوە لە شکۆ و ئەرک و بەرپرسیارێتیی پیشەیی کاری پەرلەمانیی دەزانین”.

دەقی یاداشتەکە:

یاداشتی ناڕەزایی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان

بەرێز/ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان

بابەت/ ناڕەزایی

سەبارەت بە نوسراوی بەرێزتان ژمارە ١٧٥٥/٤/٣ لە ٢٢-٦-٢٠٢١ کە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە و تایبەتە بە یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانی پەرلەمانتار، بەدیاریکراویش ئەرکی بەدواداچوونی لیژنە ھەمیشەیەکانی پەرلەمان لەسەر پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و پرۆژە خزمەتگوزارییە گشتییەکانی بواری بەڵێندەرایەتیی وەبەرھێنان، لە خوارەوە دیدو تێروانینی فراکسیۆنی سەوزی یەكێتی نیشتمانی کوردستانتان پێرادەگەیەنین:

یەکەم/ ئەم نوسراوە جگە لەوەی ھیچ پاڵپشتیەكی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانی نیە، لە ھەمانکاتدا بە لێدان و کەمکردنەوە لە شکۆ و ئەرک و بەرپرسیارێتیی پیشەیی کاری پەرلەمانیی دەزانین.

دووەم/ ئەم نووسراوە لەژێر ھەر پاساو و ناوێک دا کرابێت، تەواو ناپەیرەویی و نایاساییە، بۆیە داواکارین ھەرچی زووە نوسراوێک ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران بکەن و تێیدا ئەو نووسراوە هەڵبوەشێننەوە و کاری پێنەکەن .

سێیەم/ ئەگەر ھەر ھۆکار و پاساوێکتان ھەیە بۆ دەرکردنی ئەم نوسراوە، ئەو دەکرێت لەرێگای پێکھێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانیەوە، لێکۆڵینەوەو بەدواداچونی وردبکرێت و لە چوارچێوەی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان دا، سزای هەر ئەندامێك بدرێت، ئەگەر پێگەو ناوی پەرلەمان و پەرلەمانتاری بەخراپ بەکارھێنابێت، سەرەرای ئەوەی ئێمە دڵنیاین لە تەواوی ھەڤاڵانی فراکسیۆنەکەمان.فراکسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی کوردستان

٢٥-٦-٢٠٢١

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button