لە هێرشێکدا 5 پۆلیس كوژران

لڤین:

لە هێرشێكدا پێنج پۆلیس لە سنوری پارێزگای كەركوك كوژران و ژمارەیەکیش برینداربوون.

بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ لە هێرشێكدا لە شارۆچکەی داقوقی باشوری كەركوك پێنج پۆلیسی فیدراڵی كوژران ئەوە جگە لە برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە.

بەگوێرەی هەندێک زانیاریی هێرشەکە لە ڕێگەی بۆمبێکی چێنراوەوە لە یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی ناو شارۆچکەکە ئەنجامدراوە و بۆمبەکە بە کاروانێکی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیدا تەقیوەتەوە و لە ئەنجامدا پێنج پۆلیس كوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، باس لەوەش دەکرێت کە دواتر موشەکێک ئاراستەی شوێنی تەقینەوەکە کراوە.

ئەگەرچی تائێستا بە فەرمی ڕانەگەیەنراوە کە هێرشەکە کێ ئەنجامیداوە، بەڵام لە ماوەكانی رابردوودا چالاكیی چەكدارەكانی داعش لە سنووری پارێزگاكانی کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدین زیاتربووە و دەیان هێرشیانكردووەتەسەر هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و حەشدی شەعبی و سوپای عێراق.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button