پارتی وەڵامی ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە دەداتەوە

لڤین:

پاش ئەوەی ڕۆژی ( سێ شەممە، ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢١ ) دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەشداری بەرنامەىەکی تایبەتی مەدیا خەبەر تیڤی بوو و شیکاریی بۆ گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، و هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان، رەفتارەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و هەڵوێستی پەکەکە کرد، لە بەشێکی لێدوانەکەیدا چەندین نهێنی ڕێککەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان و پەکەکەی لە ساڵەکانی ڕابردوو ئاشکرا کرد.

پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی ئەو لێدوانە دەداتەوە و ڕایگەیاندووە،” سەرلەبەری ئەو زانیارییانەی كە كاڵكان، وەك زانیاریی ورد و نهێنی، باسی كردوون، هەڵەن و تەنیا زانیارییەكی ڕاستیشیان تێدا نیە. بەڵام بەرلەوەی ناڕاستی یەك بەیەكی ئەو زانیارییانە بخەینە بەردەم رای گشتی كوردستان، جێی خۆیەتی چەند سەرنجێكی گشتی لەبارەی قسەكانی كاڵكانەوە بخەینەڕوو”.

 

دەقی وەڵامی بەشی رۆژنامەوانی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی بۆ دوران کاڵکان:…

“وەڵامێك بۆ چەواشەكارییكانی دۆران كاڵكان ”

ڕۆژی 21ی ئەم مانگە، پێگەی (ANFNEWS)ی سەر بە پەكەكە، دەقی دیدارێكی لەگەڵ دۆران كاڵكان، وەك ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە بڵاو كردووەتەوە .

ئەڵبەت سەرلەبەری ئەو زانیارییانەی كە كاڵكان، وەك زانیاریی ورد و نهێنی، باسی كردوون، هەڵەن و تەنیا زانیارییەكی ڕاستیشیان تێدا نیە. بەڵام بەرلەوەی ناڕاستی یەك بەیەكی ئەو زانیارییانە بخەینە بەردەم رای گشتی كوردستان، جێی خۆیەتی چەند سەرنجێكی گشتی لەبارەی قسەكانی كاڵكانەوە بخەینەڕوو .

قسەكانی كاڵكان، زیاتر لە ڕاپۆرتێك دەچن كە بۆ ڕازیكردنی دەرەكی نوسرابن، گوایە ئەو زانیاریانە نهێنین و هیچ كەس و لایەنێك ئاگاداریان نین و ئاشكراكردنیان پارتی دیموكراتی كوردستان ئیحراج دەكەن! لەمەشدا كاڵكان و پەكەكە سەرچیخ چوون، چونكە خۆیان لە هەمووان باشتر دەزانن، پارتی، بەئاشكرایی هەڵوێست وەردەگرێت و بەڕوونی قسەكانی خۆی دەكات .

جێگای سەرنجە، لە قسەكانی ئەمجارەیدا، كاڵكان، بەپێچەوانەی هەر لێدوانێكی بیست ساڵی رابردووی سەرانی پەكەكەوە، ناوی كورد و كوردستان چەندجارێك دووبارە دەكاتەوە. ئەمەشیان دیسان هەوڵێكی دیكەی چەواشەكردنی رۆڵەكانی نەتەوەی كورد و خەڵكی كوردستانە. ئاخر، هەمووان دەزانن، ناوی كورد و كوردستان، ساڵانێكە لە فەرهەنگ و ئەدەبیاتی سەرانی پەكەكەدا نەماوە، بگرە خەباتی نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ مافەكانی خەڵكی كوردستان بەلای سەرانی پەكەكەوە، نەك لەكەیە، بگرە تۆمەتێكە كە لە هەموو بۆنەیەكدا رەتی دەكەنەوە. پەیوەندیی سەرانی پەكەكە بە كورد و كوردستانەوە، تەنیا خۆسەپاندنیانە بەسەر خاكێكدا كە كوردستانە و ئیستیغلالكردنی ئەو گەنجە كوردانەیە كە سەرانی پەكەكە كردوویاننەتە قوربانی شەڕە بێهوودەكانیان، دەنا سەرانی پەكەكە، بەئاشكرا و بەنوسین و لێدوان، دەمێكە نكۆڵی لە ناوی كورد و كوردستان و ئاڵا و مێژووی بزاڤە رزگاریخوازە نەتەوەییەكەی كوردستان دەكەن .

وادیارە كاڵكان و هاوەڵەكانی گەیشتوونەتە ئەو حەقیقەتەی ئیدی درووشم و ئیدعاكانیان بەسەر خەڵكدا تێناپەڕێت، ئەو رۆژەش هێندەی نەماوە كە پێویست دەكات سەرانی پەكەكە وەڵامی پرسیارەكانی دایكوباوكی هەزاران قوربانی دەستی سەرانی پەكەكە بدەنەوە: بەڕاست ڕۆڵەكانی ئێمەتان لە پێناو چیدا كردە قوربانی؟ رۆڵەكانمان بۆ مافی كورد و ئازادیی كوردستان دوای ئێوە كەوتن، ئێوە چیتان كرد و لەبوونە سووتەمەنی كام درووشم و ئامانج؟ كوڕ و كچەكانمان چی دەكەن لە گارە و مەتین و باتیفا و شنگال و ماوەت و شارباژێر و پێنجوێن؟ بۆچی ڕۆڵەكانمان بەگژ پێشمەرگەدا دەكەن؟

كاڵكان، چەندین جار باسی هاوكاریی دەكات بۆ هەرێمی كوردستان. جارێ خەڵكی كوردستان باش دەزانن، پەكەكە، لە جیۆگرافیای ڕاستەقینەی چالاكیی خۆی هەڵاتووە، نە ئێمە و نە هیچ لایەنێك، نە ئێستا و نە رابردوو، داوای هاوكاریی و بەدەنگەوە هاتنی پەكەكەی نەكردووە. ئەوانی هەڵاتوو، لە یەكەمین رۆژەوە تا ئەمڕۆ، تەنیا بارگرانی و مایەی سەرئێشە و شەڕوشۆڕی بێهوودە بوون بۆ خەڵكی كوردستان. سەدان جار ئاگادار كراونەتەوە، تكایە مەبنە بیانوو بەدەستی ئەموئەوەوە تا خاكی كوردستان بۆردومان و داگیربكەن، بەڵام چونكە ئەوان ڕێكخراوێكی ئایدیۆلۆجی داخراون، هەمیشە لووتبەرزانە وەڵامیان داوەتەوە. بەوردبوونەوەیەكی كەم لە قسەكانی كاڵكان، ڕووقایمی و ئەم دەردە كوشندەیەی سەرانی پەكەكە دەبینرێت، هەر ئەو لووتبەرزی و خۆبەشتزانینەشە، سەرانی پەكەكە و پەیوەندییەكانیانی لەگەڵ هەموواندا بەم رۆژە گەیاندووە .

لەبارەی زانیارییەكانیشەوە، كاڵكان باسی هاوكاریی پەكەكە دەكات لە شەڕی حەفتەنیندا، بێئاگا لەوەی هەرگیز هێزەكانی حكوومەتی عێراق لەو ناوچەیە نەبوون، تا شەڕێك بووبێت و پەكەكە هاوكاری پێشمەرگەی كردبێت. هەر بۆ مێژووش، هەموو قسەكانی كاڵكان لەبارەی ئازادكردن و هاوكاریكردن و كار و چالاكی هاوبەشەوە، هیچ بنەمایەكیان نیە. پارتی، هەرگیز كار و چالاكی هاوبەشی لەگەڵ پەكەكەدا نەكردووە. ئەو شەڕانەش كاڵكان لە ماوەی چل ساڵدا باسیان دەكات، هەر هەموویان بە دژی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان و دواتر لە دژی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە شەرعییەكانی و كەمترین شەڕیان لە گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خۆیاندا بوون .

كاڵكان، باسی هەڤاڵی بەڕێز زەعیم عەلی دەكات. لەو ساڵ و كاتەدا كە كاڵكان باسیان دەكات، هەڤاڵ زەعیم عەلی لە بادینان نەبووە و لە سنووری هەولێر بووە .

نازانین كاڵكان بە چ مەنتیقێك چەندین جار دووبارەی دەكاتەوە كە ئەوان بۆ رزگاریی كوردستان هاتوونەتە ئێرە؟ وەك ئاماژەمان پێدا، سەرانی پەكەكە، لە توركیا هەڵاتوون، لێرەش، زۆر جاران و تا ئەمڕۆ هاوكاریی حكوومەتی عێراق بوون. ئاخر سەرانی پەكەكە، كۆتایی هەشتاكان، شەش كادری لقی یەكی پارتیان تەسلیم بە حكوومەتی بەعسی عێراق كردەوە، ئێستاش سەرانی پەكەكە، هاوپەیمانی هێزە نەیارەكانی كوردستانن لە شنگال و شوێنەكانی دیكە. بەو كردەوانەیان ئیدی هیچ بوارێكیان بۆ ئەوە نەهێشتەوە كە لە هەرێمی كوردستان وەك هێزێك سەیر بكرێن كە بەدوای بەرژەوەندیەكانی گەلەكەیانن .

لە شوێنێكی دیكەدا، كاڵكان، ئاماژە بە ناوی هەڤاڵی بەڕێز ئازاد بەرواری دەكات. ئەم بابەتەی باسی دەكات، هیچ راستییەكی تێدا نیە و ئەسڵەن كاك ئازاد بەرواری لەو دەمەدا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی نەبووە. باسی كۆبوونەوەیەكیش دەكات، لەوێدا ناوی جەنابی سەرۆك و شەهید ئیدریس بارزانی دێنێت، هەواڵی ئەم كۆبوونەوەیەش هەڵبەستراوە و چەواشەكارییەكان و بێئاگایی كاڵكان لە تەركیبەی پارتی بە ئاشكرا دەردەكەون، چونكە لەو رۆژگارەدا پۆستی جێگری سەرۆكی پارتی هەر نەبووە .

لە درێژەی قسەكانیدا، باسی ئەوە دەكات گوایە سەرانی پەكەكە ویستوویانە جەنابی سەرۆك بكەنە سەرۆكی نەتەوەیی!! مەگەر سەرانی پەكەكە، دەنا هەمووان دەزانن، پەكەكە لەو ئاستەدا نیە و مافی ئەوەشی نیە هیچ كەسێك بكاتە سەرۆكی نەتەوە، بەڵكو ئەوە خەڵكی كوردستانە بڕیار لەوە دەدات .

كاڵكان، باسی ڕێككەوتنی پارتی و توركیا دەكات گوایە بۆ لەنێوبردنی ئەوانە. رێك بەپێچەوانەوە لەو ساڵانەی ئەو باس دەكات، توركیا، بەهۆی بوونی پەكەكەوە، گێچەڵی بەردەوامی بە پارتی كردووە .

لە چەواشەكارییەكی دیكەدا، باسی ناوبژیوانی پەكەكە دەكات لە شەڕی نێوان پارتی و یەكێتی ساڵی 1990، ئەو ساڵەی كاڵكان باسی دەكات، پارتی و یەكێتی، پتەوترین پەیوەندییان هەبووە و پێكەوە لە نێو بەرەی كوردستانیدا، بەرنامەڕێژیی راپەڕینیان دەكرد .

دیسان كاڵكان، باسی رێككەوتنێك دەكات لە مانگی یەكی 1996دا، ئەم باسە هێرشە بەربڵاوەكەی پەكەكەمان بیردێنێتەوە كە چۆن لە یەك شەودا پەلاماری 25 بنكە و بارەگای پێشمەرگەیان دا و چەندین پێشمەرگەیان شەهید و بریندار كرد و ئاگری شەڕیان هەڵایسانەوە و لەڕێی دنەدان و داخڵبوونی شەڕەوە، درێژیان بە شەڕی نێوخۆ دا .

وەك دەردەكەوێت، سەرباری ئەوەی زانیارییەكانی كاڵكان هەرهەموویان ناڕاستن، تەرحەكانیشی نامەنتیقین، ئاخر كاڵكان دەپرسێت: پێشمەرگە چی دەكەن لە چیای مەتین و بۆچی هاتوون، زۆر سەیریش پەكەكە گەورە دەكات و شەڕفرۆشەكەیان بە كۆنگرە ناتۆوە دەبەستێتەوە!! ئەمە لە كاتێكدایە مەتین ناوجەرگەی هەرێمی كوردستانە، پێشمەرگەش هێزی یاسایی و فەرمی ئەم هەرێمەیە، دەپرسین كێ ئەو مافەی بە كاڵكان داوە پێشمەرگە لە خاكی ڕەسەنی خۆی مەنع بكات؟

پەكەكە، لەو شوێنانەی لێیان هەڵدێ شەڕناكات، كەچی لەو شوێنانەی بۆیان هەڵدێت، نەك هەر شەڕ دەفرۆشێت و پێشمەرگە شەهید دەكات، بگرە وەك حاكم خۆی دەسەپێنێت .

سەرباری ئەوەی قسەكانی دۆران كاڵكان سەرلەبەریان چەواشەكاریین و ئیدعای بەمەرامن، دووپاتكەرەوەی واقیعێكی زۆر تاڵیشن كە سەرانی پەكەكە سوورن لەسەر دژایەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەت و دامەزراوە شەرعییەكانی و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان، لەو پێناوەشدا ئامادەن هەموو ڕەفتار و چەواشەكاریی و ڕێككەوتنێكی ژێربەژێر بكەن، بەڵام دەبێت دوو ڕاستیش لەبەرچاو بگرن، خەڵكی هەرێمی كوردستان بەگشتی، بەدرووشمە ئایدیۆلۆجییە باونەماوەكانی پەكەكە ناخەڵتێن و بەوپەڕی قەناعەتەوە داكۆكی لە قەوارە و دەستكەوت و خاكەكەیان دەكەن، دووەمیشیان، رووبەڕووبوونەوەی سەرانی پەكەكە لەگەڵ ئەو گەنجانەی ناو پەكەكە كە بەناوی كورد و كوردستانەوە دوایان كەوتوون، كەچی ئەوان شەڕی كورد و كوردستانیان پێدەكەن، زۆر نێزیكە .

بەشی ڕۆژنامەوانیی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی

پارتی دیموكراتی كوردستان

٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢١

 



Notice: Undefined index: img in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-avatar.php on line 4

Notice: Undefined index: show_social_web in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 6

Notice: Undefined index: show_social_mail in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 7

Notice: Undefined index: show_social_phone in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 8

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 20

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 21

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 22

Notice: Undefined index: bio in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-bio.php on line 21

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button