ھاوسەرۆکانی یەکێتیی و خەمیس خەنجەر کۆبوونەوە

لڤین:
ھاوسەرۆکانی یەکێتیی پێشوازیانکرد لە خەمیس خەنجەر، سەرکردەی دیاری سوننەکان کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا دۆخی سیاسی، ئەمنی و ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و ھەماھەنگی و کاری پێکەوەییان تاوتوێکرد.
ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، ھاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لە شاری سلێمان پێشوازیانکرد لە خەمیس خەنجەر، سەرۆکی ھاوپەیمانی عەزم و سەرکردەی دیاری سوننەکان.
لەدیدارێکدا بەگشتی دۆخی سیاسی، ئەمنی و ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و ھەماھەنگی و کاری پێکەوەیی تاوتوێکران و بۆچوونیان لەبارەوە خرایەڕوو.
ھاوسەرۆکانی یەکێتی بەلەبەرچاوگرتن و خوێندنەوە بۆ واقیعی سیاسی عێراق، ھەرێم، ناوچەکە و کێشمەکێش و ململانێ نێودەوڵەتییەکان، نەخشەڕێگای یەکێتییان بۆ دۆخی ئەمڕۆی عێراق خستەڕوو و تەئکیدیان لەچارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر بەربەستەکان کردەوە و روونیانکردەوە دیالۆگی بونیادنەرانەی نیشتمانی لەنێوان ھێزە کوردی و عێراقییەکان بەپێویستی ئەم قۆناغە دەزانین و بە پرۆژە و دیدی ھاوبەش و پاراستنی بەرژەوەندییەگشتییەکان دەتوانین وڵاتێکی سەقامگیر دەستەبەربکەین.
هاوسەرۆکان ڕاشینگەیاند “وەک یەکێتی باوەڕی تەواومان بەکارکردنی پێکەوەیی ھەیە لەگەڵ دۆستەکانمان لە بەغدا تاوەکو خاڵە ھاوبەشەکانمان بپارێزین و گیانی پێکەوەژیان و یەکتریقبوڵکردن ببووژێنینەوە و بەھەمووشێوەیەکیش سیاسەتی مەزھەبی، نەتەوەیی، زۆرینە و کەمینە و خۆسەپێنی رەتدەکەینەوە و بەھۆکاری ناسەقامگیری و قوڵبوونەوەی گرفت و کێشەکانی دەزانین”.
لەبارەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ھاوپەیمانی کوردستان لەنێوان یەکێتی و گۆڕان،ھاوسەرۆکان ھەڵوەستەیانکرد و دووپاتیانکردەوە لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت و رێوشوێنەکانی ئەنجامدانی پرۆسەیەکی دیموکراسی وەھا فەراھەمبکرێت کەببێتە مایەی رەزامەندی ھەمووان و خێروخۆشی بۆ وڵات.
راشیانگەیاند، ھاوپەیمانی کوردستان ھەنگاوێکە بۆ یەکڕیزی نیشتمانیی کورد و ھەنگاونان بۆ یەکگوتاری و یەکخستنی توانا سیاسییەکان بۆ خزمەتکردنی خەڵک. دووپاتشیانکردەوە دوای ھەڵبژاردنەکان دەرفەت گونجاوە تاوەکو ھاوپەیمانی کوردستان لەگەڵ ھێزە کوردستانی و عێراقییەکان لەبەرەیەکی فراوانی نیشتمانی کۆببینەوە و لەسەر پاراستنی بەھاباڵاکان سیاسەتێکی نوێ دابڕێژین و پێکەوە خزمەتی گەل و وڵات بکەین.
پەیوەندییەکانی ھەرێم و ناوەند و پابەندبوون بەرێکەوتنی ھەردوولا بە ناردنی شایستەداراییەکانی ھەرێم گفتوگۆی وردی لەبارەوەکرا و جەخت لەبەردەوامی گفتوگۆکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و بەرژەوەندی گشتی کرایەوە.