خواردنگەیەک و مریشک فرۆشێک بەهۆی بوونی گۆشتی خراپبوو سزا دران

لڤین:

بەهۆی بوونی نزیکە 900 کیلۆ قیمە و گۆشت و مریشکی خراپبوو تێیاندا، خواردنگەیەک و مریشک فرۆشێک لە کەلار داخران و سزادران.

قائیمقامیەتی قەزای کەلار ئەمڕۆ ڕایگەیاند، لەکاتی پشکنینی دووكانی پیتزا و شاورمەی (سالار) لەناو بازاڕی شاری کەلار دەستگیراوە بەسەر بڕی (835) کیلۆ گۆشت و قیمە و مریشک و خۆراکی گەنیو و خراپبوودا.

ئاشكراشیكرد، لیژنەی ڤێتێرنەری پسوڵەی سزادانیان بۆ خاوەنەكەی کرد و بە بڕیاری قائیمقامی کەلار دووكانەكە داخرا و خاوەنەکەی ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

هاوکات قائیمقامیەتی قەزای کەلار، بڵاویکردەوە، تیمی چوارەمی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای کەلار بەردەوامن لە سەردان و پشکنین و بەدواداچوون، لەو چوارچێوەیەدا لە کاتی پشکنینی مریشک فرۆشی جەلال لە نێو ساردکەرەوەکەیدا دەستیان گرت بەسەر بڕی (40) کیلۆ مریشکی بۆگەن و نەشیاودا و سزادانیان بۆ خاوەنەکەی کرد .

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button