وتەبێژی حکومەتی هەرێم:
لە سبەینێوە بە لێبڕینی 21٪ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت

لڤین:
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرایکرد، لە سبەینێوە بە لێبڕینی 21٪ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 6 دەکرێت و یەکەم وەزارەت تەندروستی دەبێت.
جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە میدیایەکی پارتی ڕاگەیاند، لە سبەینێوە بە لێبڕینی 21٪ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت و یەکەم وەزارەت تەندروستی دەبێت و دواتر مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشدەکرێت.
جوتیار عادل، ئەوەشی وت کە خوازیارن لە ماوەیەکی کەمدا مووچەی سەرجەم وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەش بکرێن.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدابوو، 30 ڕۆژ جارێک مووچە دابەش بکرێت و لە کاتی زیادبوونی داهاتیشدا لیبڕینی مووچە نەمێنێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەی دۆلار بەرامبەر دینار چەند مانگێکە بەرزبووەتەوە و لە ئێستاشدا نرخی بەرمیلێک نەوت 76 دۆلارە، بەڵام بەپێی وتەی جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لێبڕینی مووچە بەردەوامە.