سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی: قەیرانی دارایی تێپەڕیوە و دەبێت لێبڕین نەمێنێت

لڤین:
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی، لە پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند قەیرانی دارایی تێپەڕیوە و دەبێت لێبڕینی مووچە نەمێنێت، جەختیشدەکاتەوە کە هیچ كام لەبڕیارەكانی پێشوو لەبارەی پاشەكەوت و لێبڕین و دواكەوتنی مووچەوە پشتی بەیاسا نەبەستوە.
زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەلەمانی كورستان، لەبارەی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی حزبەکەی ڕاگەیاندووە کە، هەركاتێك هەرێم توشی قەیرانی دارایی بوەتەوە بەتایبەت لە 2014ەوە تائێستا بیركردنەوەی حكومەتی هەرێم وابووە دەست بۆ مووچەی فەرمانبەران بەرێت، هەموو ئەمانەش لە لێبڕین و پاشەكەوتی مووچە هەمووی نایاسایی بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە کە هیچ كام لەبڕیارەكان لەبارەی پاشەكەوت و لێبڕین و دواكەوتنی مووچە پشتی بەیاسا نەبەستوە و بەبڕیار و ڕێنمایی ئەنجومەنی وەزیران بووە.
وتیشی: ئێستا روو لەوەیە قەیرانی دارایمانە تێپەڕاندوە، لەبەرئەوەی یەكەم سەرچاوەی داهاتیش نەوتە رۆژانە حكومەتی هەرێم بەڕەسمی 460 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت.
ڕوونیشیکردوەتەوە کە، ئێستا نرخی نەوت بەرزە و دۆلاریش بەهاكەی بەرزەو بەهۆیەوە حكومەتێكی هەرێم لەڕێی گۆڕینەوەی داهاتی نەوتەوە كە دۆلارە بەدینار بڕێكی زۆر پارەی دەستدەكەوێت، هەروەها عێراقیش بڕیاریداوە 200 ملیار دینار بنێرێت، بۆیە ئێستا قەیرانی دارایی تێپەڕیوە و كاتی لێبڕین لە مووچە نەماوە.