“کڕیارێک خواردنەکەی بای 37 دۆلاربوو بەڵام 16 هەزار دۆلار بەخشیشیدایە کرێکارەکە”

لڤین:

لە یەکێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا، کڕیارێک خواردنەکەی بای 37 دۆلاربوو بەڵام 16 هەزار دۆلار بەخشیشیدایە کرێکارەکە.

بەخشیش (Tip) لەزۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوادا هەیە، بەڵام بەتایبەت ئەمریکا بەوڵاتی بەخشیش ناسراوە، واتە ئەو کەسانەی کە کاری گارسۆنی دەکەن لەچێشتخانە و باڕو یانەکانی شەوانەدا، یان هەموو جۆرە کارێکی سێرڤس بەتایبەت گەیاندنی خواردن لەچێشتخانەکانەوە بۆ کڕیار، یانیش کاری تەکسی و،…هتد. ئەوکەسانەن کەزۆرترین بەخشیشیان پێ دەدرێت لەلایەن موشتەریەکانەوە.

بەگشتی ڕێژەی بەخشیش لەلایەن موشتەریەکانەوە بۆ کرێکارەکان دادەنرێت بەپێی لە سەدابیستی نرخی ئۆردەرەکان، هەندێکجار کەمتر هەندێکجار زۆرتر، بەڵام لەهەندێک باڕو چێشتخانە و یانەکانی شەوانەدا هێندە بەخشیشەکان زۆرن بۆ کرێکارەکان، کە خاوەنکار هیچ بڕە پارەیەک ناداتە کرێکارەکان یان بڕێک پارەی زۆرکەم دەدەن بۆ نموونە بۆ هەر کاتژمێرێکی کارکردن یەک یان دوو دۆلار دەدەن بەکرێکار هەڵبەت ئەمەش کارێکی یاساییە ئەگەر کەمترین کاتژمێری کارکردنی کرێکار (Minimum wage workers) بەپێی ویلایەتەکە هەرچەندێک بێت، بۆ نموونە لەویلایەتی ڤێرجینیا کرێکار کەمترین پارە بە 7,25$ حەوت دۆلارو بیست و پێنج سەنت دەستپێ دەکات بۆ هەر کاتژمێرێکی کارکردن.

پێش ئەوەی بچمە سەر ئەصڵی بابەتەکە ڕاستیەک هەیە کەدەمەوێت لێرەدا باسی بکەم ئەویش ئەوەیە بەزۆری (ئەمریکی سپی پێست) بەخشیش دەدات بەکرێکار! خەڵکی شەرقی خۆمان کوردو عەرەب و فارس و تورک، تەنانەت ئاسیاوی و هیندی و پاکستانی و ئەفغانی و ئەفریقیەکانیش یان بەخشیش هەرنادەن و باوەڕیان پێی نیە یانیش زۆر بەدەگمەن خەڵکانێکیان تێدایە فێری ئەو “کەڵچەرە جوانە”ی ئەمریکیەکان بووە کە بەخشیش بدات بەکرێکارەکان.

لەچێشتخانەو باڕو برژاوی ستەمبڵ the Stumble Inn Bar and Grill کەدەکەوێتە شارۆچکەی لاندندێری لە ویلایەتی نیوهامشەر، کڕیارێک ئۆردەرێک داوادەکات کەپێکهاتوە لەدوو ساندویجی چێڵی دۆگس، لەگەڵ چپسێک و دوو درینکی کۆکتێل، حیسابەکەی بەتاکسەوە دەکاتە 37,93$ سی و حەوت دۆلارو نەوەدوسێ سەنت، بەڵام کاتێک پسوڵەی حیسابەکەی بۆ دێنن 16,000$ بەخشیش بۆ کرێکارەکە دەنوسێت، واتە کۆی گشتی: 16037,93$ جائەوە مەسەلە کوردیەکەی خۆمانە دەڵێت (کە خوادای کەس ناڵێ کوڕی کێیت) بەڵام جیاوازیەکە ئەوەیە ئەم کرێکارە کچەو کوڕ نیە!.

خاوەنی چێشتخانەکە مایک زڕێلا Mike Zrella دەڵێت: “کاتێک ویستم پسوڵەی ئەو موشتەریە داخڵی ڕیجستەرەکە بکەم سەرم سوڕما کەبینیم 16 هەزار بەخشیشی بۆ کرێکارەکە داناوە”، هەروەها مایک دەڵێت: “تەئکیدم لە کڕیارەکە کردەوە بەهەڵە ئەو ژمارەیەی نەنوسیوە؟ ئایا مەبەستی لە 16 دۆلارە یان 1600 دۆلار؟ بەڵام شۆکبوم کاتێک ئەو زۆربەئاسایی وەڵامی دامەوە و وتی (نەخێر!) هەروەک ئەوەی کە لەسەر پسوڵەکە نوسیومە 16,000$ شانزە هەزار دۆلار بەخشیشە”. ئێوەی هاوڕێم زۆر ماندون و کاری زۆر دەکەن بۆیە ئەو بەخشیشەم بەشایستە زانیوە بۆتان.

کرێکاری چێشتخانەکە میشێڵ ماککدەن Michelle McCudden کە ئەو بەخشیشە یان بابڵێم ئەو یانسیبەی بۆ دەرچوو دەڵێت: “کاتێک بینیم پسوڵەی کڕیارەکە ئاسایی نیە، من قەت بیرم لەوە نەدەکردەوە کڕیارەکە ئەو بەخشیشە زۆرە بۆمن دابنێت، پێموابو بەهەڵە ئەو ژمارەیەی نوسیوە” هەروەها میشێڵ دەڵێت: “ئەو بڕە پارەیە لەم کاتەدا جێگەی زۆر پێویستیم بۆ پڕدەکاتەوە”.

سەرچاوە: ABC News

ئا: گۆران دوکانی

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button