وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەبارەی گەڕاندنەوەی زۆرەملێی پەنابەرانەوە لێدوانیدا

لڤین:
ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، رایگەیاند، گەڕاندنەوەی زۆرەملێی پەنابەرانی عێراقی لە وڵاتانی دیکەوە ڕەتدەکەینەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە میانی سەردانێکی فەرمیدا بۆ ئەمریکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی پەیوەندیدار بە دۆسیەی کۆچبەران و پەنابەران، ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئاماژەی بەوە کردووە کە حکومەتی وڵاتەکەی گەڕاندنەوەی زۆرەملێی پەنابەرانی عێراق لە ئەمریکا رەتدەکاتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی داوای پێدانی ڕەگەزنامەی ئەمریکیان رەتکراوەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە بەرپرسانی ئەمریکا بە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیان راگەیاندووە کە لەمەودوا پەنابەرانی عێراق لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە مامەڵەیەکی تایبەتییان لەگەڵدا دەکرێت پەیوەست بە وەڵامدانەوەی داواکانیان.
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، داواشی لە بەرپرسانی ئەمریکا کردووە بە رێزەوە مامەڵە لەگەڵ پەنابەرانی عێراقییدا بکەن و بەشێوەیەکی باشتر دۆسیەکانیان لەبارەی وەرگرتنی مافی پەنابەریی و وەرگرتنی رەگەزنامەی ئەمریکیی لێ وەربگیرێت.