لەبارەی دۆخی زیندانیانی بادینانەوە هۆشداری دەدرێت بە كۆمسینی مافی مرۆڤی عێراق

لڤین:
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران لەبارەی دۆخی بەشێك لە زیندانیانی بادینان هۆشداری دەدات بە كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق و دەڵ]َت سزای بەندكردنیان بەسەردا دەسەپێندرێت.

غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم بە نوسراوی فەرمی هەریەكە لە كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق و لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئاگادار كردووە لە دۆخی مەترسیداری 26 دەستگیركراوی بادینان.

ئەو لە نوسراوەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە: نوسراوەكەمان بۆ دەربڕینی نیگەرانی قووڵی خۆمانە لە خراپی بارودۆخی ( 26 ) ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی دەستبەسەركراو لە 13 ی ئابی 2020 ەوە لەلایەن پارتی دێموكراتی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی هەرێم ( مەسرور بارزانی ) یەوە .

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكردووە كە زانیاریەكانی لەسەر دۆخی ئەو دەستگیر كراوانە لە كەسوكاریان وەرگرتووە و دەشڵێت “ئەشكەنجەی جەستەیی و دەروونی دەدرێن و بە تەواوی و بە وردی هەموو ئەو تۆمەتانەی كە لە دژیان كراوە بە درۆ دەخەنەوە و ئەو دانپێدانانانە لە ژێر ئەشكەنجەیەكی تونددا لێیان وەرگیراوە”.

ئەو لە نوسراوەكەیدا باسی لەوەشكردووە كە پارێزەران ناوێرن بەرگری لە چالاكوانەكان بكەن بەهۆی ئەوەی هەڕەشەیان لێدەكرێت و گوشاریان لەسەر دروست دەكرێت، ئەوە جگە لەوەی هەندێك لەو پاێزەرانەی سەردانی دەستگیركراوەكانیان كردووە “تەئكیدیان لەوە كردەوە كە گیراوەكان سەختییەكی گەورەی جەستەیی و دەروونی دەچێژن”.

ئەو پەرلەمانتارە هۆشداریداوە لەوەی “ترسی گەورەش هەیە كە لەسەر ئەو تۆمەتە ناڕەوا و بێ بنەما و كردارە نایاساییانە دادگایی بكرێن وەك ئەوانەی لە مانگەكانی ڕابردوودا ڕویانداوە و ماوەیەكی زۆر سزایان بۆ دەبڕدرێتەوە “.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button