گۆڕانکاری لە میکانیزمی وەرگرتنی قوتابیانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگاکان دەکرێت

لڤین:

لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی کوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا پلانی هەیە لە ( ١ی ئەیلوولی ) ئەمساڵەوە بە جێبەجێکردنی سیستەمی ئاوێتە دەست بە پرۆسەی خوێندن بکاتەوە، لە ساڵانی داهاتوودا گۆڕانکاری لە میکانیزمی وەرگرتنی قوتابیانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگاکان دەکرێت

ئەمرۆ ( چوارشەممە، ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢١ ) لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كۆبوونه‌وه‌، دوای کۆبوونەکە عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی، سەرۆکی لیژنەكه‌ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند،” وەزارەتی خوێندنی باڵا پلانی هەیە لە ١ / ٩ / ٢٠٢١  دەست بە پرۆسەی خوێندن بکاتەوە بە جێبەجێکردنی سیستمی ئاوێتە”.

سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا، ئاشکرایشیکرد،” پێشنیازە یاسایەکیان بۆ هەمواری یاسای زانکۆ تایبەتەکان ئامادەکردووە، بەڵام بۆ ئەو مەبەستەش بۆچوونی “وەزارەتی خوێندنی باڵا وەک لایەنی جێبەجێکار لەبەرچاودەگیرێت” و کاری رژدی لەسەر چارەنووسی سێ یەکەمەکان و وانەبێژانی خوێندنی باڵا و گرێبەست دەکرێت بۆ ئەوەی بە مافەکانیان بگەن، “ئەوەش دوای ئەوەی بودجە رەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت”.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد،” داوامان لە وەزارتی خوێندنی باڵا کردووە پێدانی مۆڵەتی خوێندن فەرمانبەرانی گرێبەستیش بگرێتەوە و لە کۆبوونەوەی داهاتوویشدا لەگەڵ وەزارەتی دارایی ئەو بابەتە تاوتوێ دەکەین بۆ ئەوەی فەرمانبەرانی گرێبەست، کە ژمارەیان ٢٦ هەزار فەرمانبەرە لە هەموو وەزارەتەکان لەو ئیمتیازە سوودمەندبن”.

سەبارەت بە میکانیزمی وەرگرتنی قوتابیانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان، وتیشی،” ئێمە و وەزارەتی خوێندنی باڵا پێمانوایە سیستمی وەرگرتنی ناوەندی بگۆڕدرێت و ئەو سیستەمە لەگەڵ جیهانی مۆدێرن ناگونجێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە چەند رۆژی داهاتوودا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرۆکایەتیی شاندێک دەکات بۆ دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە وەربگرن. رەنگە نەتوانن بۆ ئەمساڵ ئەم سیستمە بگۆڕن، بەڵام پشتیوان بە خودا بە هەوڵ و توانای هەموو لایەک بۆ ساڵانی داهاتوو ( ١٠٠٪ ) ئەو سیستمە گۆڕانکاری بەسەردا دێت”.

لەبارەی کەمی ماوەی نێوان تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم و خولی دووەم لە زانکۆ و پەیمانگەکان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، “وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی “بڕیاریدا بۆ ساڵی داهاتوو پێداچوونەوەیەکی جیددی بۆ ئەو بابەتە بکەن و هەوڵبدرێت تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم بهێننە مانگی ٥ و خولی دووەمیش بۆ مانگی ٧ دوابخەن بۆئەوەی قوتابیان لەو ماوەیەدا بتوانن ئامادەکاریی باشتر بکەن”.

لەکۆتایی لێدوانەکەیدا لەبارەی کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە زانکۆ تایبەتەکان، وتی،” وەزارەتی خوێندنی باڵا بەدواداچوونی باشی لەسەر ئەو پرسە کردووە و ئێمەش بەداداچوونمان کردووە کە ئەمساڵ زانکۆ تایبەتەکان پابەند بوون بە کەمکردنەوەی کرێی خوێندن”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button