کۆڕەک تیلیکۆم سزا دەدرێت

لڤین:

ئەمڕۆ ( چوارشەممە، ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢١ ) دەستەى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە،” سەرەڕاى ئاگادارکردنەوەى کۆمپانیاى کۆڕەک تیلیکۆم بۆ پابەندبوون بە ئەرکە یاسایى و هونەریى و داراییەکانى کە لەسەر کۆمپانیاکە کەڵەکە بوون، کۆمپانیاى ناوبراو ئەرکەکانى جێبەجێ نەکردووە”.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا جەخت لەوەش کراوەتەوە،” لە ڕێگەى پابەندبوون بە کاتە دیاریکراوەکانەوە کە لە گرێبەستى ڕێگەپێداندا هاتووە و بەپێى مادەکانى یاساى بودجە کە کۆمپانیاکانى پابەند کردووە بە بەجێهێنانى ئەرکەکانیان کە تا ئەم ساتەش هیچ جدییەتێکى پیشان نەداوە، بە پشتبەستن بە بڕیارى ئەنجومەنى کۆمسیارانى دەستەکە ژمارە (٢٠٢١ / ق٦٠ )ى ڕۆژى ( ٢١ / ٦ / ٢٠٢١ )، بەردەوام دەبین لە گرتنەبەرى ڕێوشوێنى یاسایى تر تا سەرجەم ئەو ڕێوشوێنانەى لە دەقى گرێبەستەکەدا هاتووە، بە جۆرێک کە پارەى گشتى بپارێزرێت”.

دەستەکە ئاماژەی بەوەیشداوە،” بۆ پاراستنى مافى بەکارهێنەر و بەشدارانى کۆڕەک تیلیکۆم، سورین لەسەر ئەوەى سەرجەم ڕێوشوێنەکان بەپێى گرێبەستەکان بێت، بەشێوەیەک کە گرەنتى ئەوە بکات بەشداران خزمەتگوزارى پەیوەندییان هەبێت لە عێراق”.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە،” لێرەوە بە بەشدارانى کۆڕەک ڕادەگەیەنین ئەم بەیاننامەیە بۆ ئاگادارکردنەوەى ڕاى گشتییە لە شەفافیەت و ڕوونى ڕێوشوێنەکانە کە بەرامبەر کۆمپانیاکە دەگیردرێتە بەر لە چەند ڕۆژى داهاتوودا، ئەوەش لە چوارچێوەى پابەندبوون بە یاسا و پاراستنى مافى گشتى و بەکارهێنەر”.

هەروەها ئاماژە بەوەیشدراوە،”بۆیە هەنگاوی نوێمان دژی (کۆڕەک تیلیکۆم) هەڵگرتووە و هەنگاوەکان دەگاتە ئاستی بەکارهێنانی هەموو ئەو رێوشوێنانەی چاکسازی لە گرێبەستەکەیدا هاتووە، ئەمەش لەپێناو پاراستنی موڵک و ماڵی گشتییە”.

هەروەها هاتووە،” لەڕوانگەی پارێزگاریکردن لە مافی بەکاربەرو هاوبەشەکانی کۆمپانیای (کۆڕەک تیلیکۆم)ەوە، دەستەکە سورە لەسەر ئەوەی هەموو رێوشوێنەکانی دژی ئەم کۆمپانیایە بەجۆرێک بێت، هاوبەشەکان بەردەوام سود لە خزمەتگوزاری پەیوەندیکردن ببینن لەڕێگەی ئەو دوو کۆمپانیای ترەوە کە مۆڵەت پێدراون (ئاسیاسێڵ و زین)”.
دەستەکە هاوبەشەکانی ئەو تۆڕە ئاگادار دەکاتەوە، ڕایگەیاندووە،”هاوبەشەکانی کۆمپانیای (کۆڕەک تیلیکۆم) ئاگادار دەکەین ئەو رێوشوێنانەی لە چەند رۆژی داهاتوودا دژی (کۆڕەک تیلیکۆم) دەیگرینەبەر، بۆ پابەندبوون بە یاساو پاراستنی موڵک و ماڵی گشتی و مافی بەکاربەرە”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button