پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایان لە سلێمانی دروست دەکرێت

لڤین:

میدیاى فەرمى یەکێتى ئەمڕۆ ( چوارشەممە، ٢٣ى حوزەیرانى ٢٠٢١ )،بڵاویان کردەوە کە،” ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی ( شاری مامۆستایانی دوو ) لە شاری سلێمانی، كە نزیكەی سێ هەزار مامۆستا لێی سوودمەند دەبێت”.

دڵشاد مەجید سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، ئاماژەى بەوە کردووە،” بۆ جاری دووەمە كە حكومەتی هەرێم و دەستەی وەبەرهێنان رەزامەندیی دەردەبڕن بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ توێژی مامۆستایان لە سنووری شاری سلێمانیدا”.

هەروەها لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا رونیشیکردووەتەوە،” فەرمانەكە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی كراوە و لەدوای تەواوبوونی رێكارە یاساییەكانی، نووسراو بۆ شارەوانی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكرێت و لە داهاتوویەكی نزیكیشدا پڕۆژەكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە”.

لەبارەى ئەو مامۆستایانەى کە لەم پڕۆژەیەدا سودمەند دەبن، ئاشکرایشیکردووە،”پڕۆژەی شاری ( مامۆستایانی دوو ) دەكەوێتە سنووری رۆژئاوای سلێمانییەوە و ئەو مامۆستایانە لێی سوودمەند دەبن كە پێشتر لە پڕۆژەی ( شاری مامۆستایانی یەک ) دا سوودمەند نەبوون، ئەمە جگە لە جێبەجێكردنی سیستمی خاڵبەندیی”.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا جەختیشى کردووەتەوە، بەهەمان شێوەی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی ( شاری مامۆستایانی یەک )، ئەم پڕۆژەیەش لە شێوەی باڵەخانەی ستوونی دەبێت واتا شوقە، چونكە ئەگەر ئەو زەوییەی تەرخانكراوە بكرێت بە خانوو، لەوانەی تەنیا ( ٧٠٠ بۆ ٨٠٠ ) مامۆستا لێی سوودمەند بێت، بەڵام لە شێوەی شوقە، نزیكەی ( ٣٠٠٠ ) مامۆستا سوودمەند دەبێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button