ئەمریکا بەشێک لە سزاکانی لە سەر ئێران هەڵدەگرێت

لڤین:

نوسینگەی ڕۆحانی، واشنتۆن ڕەزامەندی داوە بە هەڵگرتنى هەموو سزا نەوتییەکانى سەر ئێران و لابردنى سزا لەسەر ژمارەیەک لە نزیکەکانى خامنەی.

ئەمڕۆ ( چوارشەممە، ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢١ ) بەشێک لە میدیاکانى ئێران لەسەر زارى مەحمود واعیزى، بەڕێوەبەرى نوسینگەى حەسەن ڕۆحانیی سەرۆک کۆمارەوە، ئاشکرایان کرد،” گەیشتونەتە ڕێککەوتنێک بۆ هەڵگرتنى سزا سەپێنراوەکان و هەروەها لەسەر پرسى نەوت و بارهەڵگرەکان کە دۆناڵد ترەمپى سەرۆکى پێشووى ئەمەریکا ئەو سزایانەى سەپاندبوو”.

سەبارەت بە ژمارەی سزاکان و جۆری سزاکان، میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند،” بەپێى ڕێککەوتنەکە نزیکەى ( ١٠٤٠ ) سزا لەسەر ئێران هەڵدەگیردرێت کە بۆ سەردەمى ترەمپ دەگەڕێنەوە، هەروەها لەسەر هەڵگرتنى سزا لەسەر ژمارەیەک کەسایەتى کراوە کە نزیکن لە عەلى خامنەیى ڕابەرى باڵاى ئێرانەوە”.

جێگەی ئاماژە پێدانە، لە نیسانى ٢٠٢١ ەوە دانوستانەکانى ئێران و وڵاتانى خۆرئاوا بەردەوان بە ئامانجى زیندووکردنەوەى رێککەوتنى ئەتۆمى، ئەمریکا ئامادەیی خۆى نیشانداوە بۆ بەردەوامیدان بە دانوستانەکان، لەدواى ئەوەى ئیبراهیم رەئیسى بەسەرۆکى نوێی ئێران هەڵبژێردرا. بەپێی راپۆرتەکان هێشتا لەدانوستانەکاندا ناکۆکى هەیە لەسەر پرسە سەرەکییەکان.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button