قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی بەریتانیا کۆبوونەوە

لڤین:
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیكرد لە ستیفن هیكی باڵیۆزی بەریتانیا و جیمس تورنتن كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق و هەڵبژاردنەکانی داهاتوو گفتوگۆیان كرد.
قوباد تاڵەبانی لەو دانیشتنەدا کە تایبەت بوو بە ماڵئاواییکردنی ئەو دوو بەرپرسەی بەریتانیا سوپاسی كردن لە هاوكاریكردنیان بۆ هەرێمی كوردستان و پاڵپشتیكردن لە رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە.
بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە لە بەشێكیتری كۆبوونەوەكەدا تیشك خرایەسەر هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی عێراق لە تشرینی یەكەمی داهاتوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی ئامادەكاری باش بكرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن ببێتە هۆی سەقامگیری سیاسی و لە سایەیدا حكومەتێك دروست بكرێت كە جێگای متمانەی هەموولا بێت.