لە عێراق داهاتی نەوت لە مانگی رابردوو بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە

لڤین:
وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیاند لە مانگی رابردوودا داهاتی نەوت گەیشتووەتە نزیكەی پێنج ملیار دۆلار و هەر بەرمیلێك نەوت بە زیاتر لە 53 دۆلار فرۆشراوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق بە پشت بەستن بە ئاماری كۆتایی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (SOMO)، كۆی داھاتی نەوتی ھەناردەكراوی لە مانگی كانوونی دووەم بڵاوكردەوە و رایگەیاند، داهاتی نەوت گەیشتووەتە چوار ملیار و739 ملیۆن و 82 ھەزار دۆلار.

بەپێی راگەیەنراوەی وەزارەتەكە كۆی بڕی نەوتی ھەناردەكراو لە مانگی كانوونی دووەمدا، گەیشتووەتە 88 ملیۆن و 922 ھەزار و 697بەرمیل كە داھاتەكەی چوار ملیار و 739 ملیۆن و 82 ھەزار دۆلار بووە.

هەر لەو مانگەدا بڕی نەوتی ھەناردەكراو لە كێڵگەكانی نەوت لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، 85 ملیۆن و 870 ھەزار و 503 بەرمیل بووە و بڕی نەوتی ھەناردەكراوی كەركوك لەڕێگەی بەندەری جەیھانی توركیاوە، گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 52 ھەزار و 193 بەرمیل.

لە راگەیەنراوەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوەیش خراوەتەڕوو كە لە مانگی كانوونی دووەمدا، رۆژانە دوو ملیۆن و 868 ھەزار بەرمیل ھەناردەكراوە و یەك بەرمیل نەوت تێكڕا بە53 دۆلار و29 سەنت فرۆشراوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button