پەنابەرێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی لە یۆنامی هەولێر هەوڵی خۆکوشتنی دا

لڤین:

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕایگەیاندووە،” بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو ڕۆژی ( دووشەممە ۳۱ی جۆزەردانی ۲۷۲۱ (٢١ی ژوئەنی ٢٠٢١)، پەناخوازێکی سیاسیی خەڵکی نەغەدە بە ناوی “فەردین گرامی”، ۲۳ ساڵە، لە ناو ڕێکخراوی قەندیلی سەر بە UN لە پایتەختی هەرێمی کوردستان دەستی دایە خۆکوژی بەڵام بە هەوڵی خێرای ئەو کەسانەی لە شوێنەکە بوون، گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە و لە مردن ڕزگاری بوو”.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەیشداوە،” یەکێک لە کەسانی نزیک لە فەردین گرامی، لەمبارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، فەردین بە هۆی بەدوادانەچوون بۆ داواکارییەکانی لە لایەن ڕێکخراوی قەندیلەوە بە خواردنی چل دانە حەب هەوڵی خۆکوشتنی دا بەڵام خێرا گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی ڕزگاری و لە لایەن ستافی پزیشکیی نەخۆشخانەوە لە مەرگ ڕزگاری بوو”.

ئاماژە بەوەیشکراوە،” فەردین گرامی کە ماوەی چوار ساڵە وەک پەنابەری سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەژی، لەمبارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند،” من داوام لە بەرپرسانی UN کردبوو یارمەتیی بنەماڵەی هاوڕێم بێزاد مەحموودی بدەن بەڵام ئەوان قەبووڵیان نەکرد و وتوویانە ۳٦۰ هەزار دیناری عێراقی (نزیکەی٢٠٠ دۆلار) دەدەین بە خۆت، بەڵام من قەبووڵم نەکرد”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button